بلومبێرگ: نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن گفتوگۆی تەکنیکی لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکەن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری وڵاتانی ناوچەکە، خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەستن تاوەکوو هەفتەی یەکەمی مانگی ئایار، بە مەبەستی رێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی.
چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە هەوڵی ئەوەدان وادەی ئاگربەستەکەی نێوانیان، کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو کۆتایی بێت، بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە درێژ بکەنەوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ دانوستانکاران تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە بلومبێرگیان راگەیاندووە کە نێوەندگیرەکان هەوڵ دەدەن گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر پرسە هەرە جێناکۆکەکان دەستپێبکەن، لەوانە: کردنەوەی هەمیشەیی گەرووی هورمز و پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران. درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەتوانێت رێگە خۆش بکات بۆ گەڕێکی نوێی دانوستان لە نێوان بەرپرسە باڵاکانی هەردوو وڵات.
سەرەڕای گەشبینییەکان، بلومبێرگ جەخت دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان ئاسان نابێت؛ ئەمریکا و ئیسرائیل داوای لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو دەکەن، لە کاتێکدا ئێران هێشتا جەخت لە مافی خۆی بۆ پیتاندنی مەدەنی دەکاتەوە. چەند رۆژی داهاتوو بۆ ناوچەکە یەکلاکەرەوە دەبن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ "فۆکس بزنس" رایگەیاندووە، جەنگە حەوت هەفتەییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت" لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی ئەمریکی هۆشداری داوە، هێشتا هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و واشنتن بە فەرمی رەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.
ئەم جەنگەی کە لە 28ی شوباتی 2026ەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە بۆردوومانکردنی ئێران دەستی پێکرد، زیانی گەورەی بە ژێرخانی سەربازی و ئابووریی ئێران گەیاندووە. لە بەرانبەریشدا، پەرچەکردارەکانی تاران و داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دروستبوونی فشارێکی سیاسیی گەورە لەسەر ئیدارەی ترەمپ.
وڵاتانی وەک پاکستان، میسر و تورکیا بە چڕی کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دەستپێکردنەوەی جەنگ بکەن. ئێستا شاندێکی پاکستانی لە تارانن و هەوڵ دەدەن دیدگای هەردوولا لە یەک نزیک بکەنەوە.
هەواڵی ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەست و گەشبینییەکانی ترەمپ، بووەتە هۆی سەقامگیرییەکی رێژەیی لە بازاڕی پشکەکان و نرخی نەوت. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی لە دەوروبەری 92 دۆلار جێگیر بووە، دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگەدا بۆ ئاستی 119 دۆلار بەرز ببووەوە.