حەسەن مەجید: هەر بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بدرێت بەشدار نابین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: هیچ کاتێک دژی نەتەوەیەک نەبووینە، هەولێری پایتەخت جوانترین نموونە و بەڵگەیە، تاوەکو ئێستا تەعریبکردن لە کەرکووک بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی کوردستان24، رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دا ناکەین و هەر بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بدرێت بەشدار نابین.
دەربارەی ئاگاداربوونیان لەو ئاڵوگۆڕە، گوتیشی: قسەم لەگەڵ ئەندامانی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە و ئەوانیش ئاگاداری ئەو ئاڵوگۆڕە نین، هەروەها شەقامی کوردی و کەرکووک بەتایبەتی زۆر نیگەرانە بەم ئاڵوگۆڕە و ئەو رێککەوتنەی کراوە ناڕوونە.
باسی لەوەش کرد، هیچ کاتێک دژی نەتەوەیەک نەبووینە، هەولێری پایتەخت جوانترین نموونە و بەڵگەیە، تاوەکو ئێستا تەعریبکردن لە کەرکووک بەردەوامە و چەند گەڕەکێکی کۆنکرێتی دروستکراون، کەرکووک شارێکە لە چەند نەتەوە و پێکهاتووە و دەکرێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە تێیدا بژین.
چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە راگەیەنراوێکدا، هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە بەشداریینەکردن لە کۆبوونەوەی رۆژی 16ـی نیسانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین. ئەم بڕیارە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی کاتی نییە، بەڵکو درێژەپێدەری هەڵوێستە نەتەوەیی و نەگۆڕەکانی پارتیمانە، هاوشێوەی بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل رەشید.
فراکسیۆنی پارتی، جەختی لەوە کردەوە، "بڕوای تەواومان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی راستەقینەی نوێنەرانی شەرعی، زیانێکی گەورە بە پێکەوەژیان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت."