پزیشکیان: جەنگ لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە

مەسعوود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، مەسعود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە: "بێ متمانەیی بە دوژمن و هۆشیاری لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، پرسێکی بنەڕەتی و سەرەکییە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت".

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە پاڵ خۆڕاگری و وەستانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا، پێویستە هەموو رێگەیەکی عەقڵانی و دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەکاربهێنرێت، چونکە بە بڕوای ئەو پاراستنی ئارامی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لە پێشینەی کارەکانە.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز تەنیا دەرئەنجامی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێش 28ـی شوبات ئەم ناوچەیە ئاسایشی تەواوی هەبوو، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لەم دوو لایەنە بکات لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و خۆیان لە گۆڕینی رۆڵی "تاوانبار" و "قوربانی" بەدوور بگرن.

بەقایی باسی لەوەش کرد، ئەستەمە خیانەتەکانی ئەمریکا لە دیپلۆماسی دووبارە لەبیر بکەین، گوتیشی: لە ماوەی کەمتر لە 9 مانگدا واشنتن دووجار لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردۆتە سەر خاکی ئێران و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و کەسایەتی و هاووڵاتییان کوشتووە و زیانی بە سەروەت و سامانی نیشتمانی گەیاندووە.

دەشڵێت، بە وشیارییەکی تەواوەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، چونکە خۆپاراستن لە فێڵەکانی دوژمن لە ڕێگای دیپلۆماسیدا ئەرکێکی ژیرانە و تەنانەت گرنگترە لە کاتی جەنگ.

هاوکات، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان تەقەیان لە کەشتییە بازرگانییەکە کردووە و سیستەمی کەشتیوانییان پەکخستووە پێش ئەوەی هێزەکانی مارێنز بچنە سەر پشتی کەشتییەکە. گوتەبێژەکە هۆشداری دا هێزە چەکدارەکانی ئێران بەمنزیکانە تۆڵە دەکەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بووەتە سەرۆکی چەتەکانی دەریا، بەهۆی هێرشکردنە سەر ئەم کەشتییەی کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەهات. گوتەبێژەکە راشیگەیاند؛ دوای هێرشەکەی ئەمریکا، هێزە ئێرانییەکان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران دوای ئەوە دێن، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی دیداری لەگەڵ خافێر مایلی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ئۆرشەلیم (قودس)، گوتی، "ئێمە لە جەنگداین لەگەڵ ئێران، بابەتەکە کۆتایی نەهاتووە و لە هەر ساتێکدا گەشەسەندنی نوێ روو دەدات".

ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، "بەلای ئیسرائیلەوە جەنگەکە هێشتا بەردەوامە و خاڵی کۆتایی بۆ دانەنراوە". 

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند؛ هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییە ئێرانییەکەدا گرتووە، چونکە لە نزیک گەرووی هورمز فەرمانەکانی راوەستانی پشتگوێ خستووە. ترەمپ گوتی: کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس سبروانس" لە کەنداوی عومان رێگری لە کەشتییەکە کردووە و هێزە ئەمریکییەکان ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پەکخستووە پێش ئەوەی هێزەکانی مارێنز کۆنترۆڵی بکەن.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچن. 

شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و سیاسی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەستی پێکرد.

 هێرشەکان بوونە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. لە بەرانبەردا، ئێران چەندین هێرشی مووشەکیی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان دروست کرد. 

بەردەوامیی شەڕەکە وای کرد وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی نێوەندگیری بدەن. لە 8ـی نیسانی 2026 بە نێوەندگیریی راستەوخۆی وڵاتی پاکستان، ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا راگەیەنرا. لە ئێستادا گفتوگۆکان لە تاران و ئیسلام ئاباد بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.