ئیسماعیل بەقایی: بڕیاری گەڕیی دووەمی دانوستانمان نەداوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیاری گەڕیی دووەمی دانوستانمان نەداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز تەنیا دەرئەنجامی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێش 28ـی شوبات ئەم ناوچەیە ئاسایشی تەواوی هەبوو، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لەم دوو لایەنە بکات لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و خۆیان لە گۆڕینی رۆڵی "تاوانبار" و "قوربانی" بەدوور بگرن.
بەقایی باسی لەوەش کرد، ئەستەمە خیانەتەکانی ئەمریکا لە دیپلۆماسی دووبارە لەبیر بکەین، گوتیشی: لە ماوەی کەمتر لە 9 مانگدا واشنتن دووجار لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردۆتە سەر خاکی ئێران و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و کەسایەتی و هاووڵاتییان کوشتووە و زیانی بە سەروەت و سامانی نیشتمانی گەیاندووە.
دەشڵێت، بە وشیارییەکی تەواوەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، چونکە خۆپاراستن لە فێڵەکانی دوژمن لە ڕێگای دیپلۆماسیدا ئەرکێکی ژیرانە و تەنانەت گرنگترە لە کاتی جەنگ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی راشیگەیاند، ئەمریکا بە گرتنەبەری رەفتاری دژبەیەک و پێشێلی بەردەوامی بڕگەکانی ئاگربەست نیشانی دا کە جددی نییە لە بەدواداچوونی پرۆسەی دیپلۆماسی.
دەشڵێت: کردەوەکانی ئەم دواییەی واشنتن لەوان پێشێلکردنی بەڵێنەکانی لە رێککەوتنەکانی لوبنان و هەوڵی گەمارۆدانی ئێران لە دەریادا کە بووە هۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکەی وڵاتەکەمان، نموونەی روونی "کردەوەی شەڕانگێزی"ن بەپێی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەقایی رووسنیشکردەوە، ئەم دژایەتییە روون و ئاشکرایە لە نێوان قسە و رەفتاردا، گومانی نەتەوەی ئێران بە مەبەستی ئەمریکا گەورەتر دەکات؛ بۆیە ئێران بڕیاری گونجاو سەبارەت بە درێژەدان بە دانوستانەکان لە بەرژەوەندی و قازانجی نیشتمانی خۆی دەدات.
ئیسماعیل بەقایی گوتی: لە بەرامبەر ئەو پلانە 15 خاڵییەی ئەمەریکا، ئێران پێشنیازێکی 10 خاڵی خستەڕوو، کە دوای دانوستانی ورد لە ئیسلام ئاباد و گەشتێکی نێوەندگیری بۆ تاران گۆڕدرا بۆ پاکێجێکی دیاریکراو.
راشیگەیاند، بە پێچەوانەی لایەنی بەرامبەر کە بە بەردەوامی گۆڕانی هەڵوێست و قسەی میدیایی رێگری لە پێشکەوتنی دانوستانەکان دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەڵوێستە گونجاو و دادپەروەرەکانی خۆیدا چەسپاوە.
گوتیشی: ئێمە لە سەرەتاوە بە روونی هێڵە سوورەکان و بابەتی قبوڵنەکراومان راگەیاندووە، پێداگری لەسەریان هیچ گۆڕانکارییەکی لە هەڵوێستە پرەنسیپییەکانمان ناکات، هەروەها زۆرێک لەو وردەکاریانەی کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە تەنها قسە و باسن و ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە.