ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: ئەوروپا تەنها بۆ 6 هەفتە سووتەمەنی فڕۆکەی ماوە
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند، یەدەگی سووتەمەنی فڕۆکە لە ئەوروپا تەنها بۆ ماوەی شەش هەفتە بەشی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پچڕانی گەیاندنی نەوت بەهۆی گرژی و جەنگی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە بەردەوام بێت، ئەوا لە کاتێکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، پێشبینییەکی مەترسیداری بۆ داهاتووی وزە کرد و دۆخەکەی بە گەورەترین قەیرانی وزە کە تاوەکوو ئێستا بینیبێتمان ناوبرد، ئەوەش بەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت و گاز لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
بیرۆڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان دەبێت و هەرچی ماوەکەی درێژتر بێتەوە، کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان زیاتر دەبن، جەختی لەوەشکردووەتەوە، قەیرانەکە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین، گاز و کارەبا لە سەرانسەری جیهاندا.
لە بارەی زیانی ئەم قەیرانە لەسەر وڵاتانی جیهان، بیرۆڵ گوتی،" وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریا، هیندستان، چین، پاکستان و بەنگلادیش لە هێڵی پێشەوەی زیانمەندانی ئەم قەیرانەدان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتە هەژارەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین زۆرترین کاریگەرییان دەکەوێتە سەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بیرۆڵ رەخنەی لەو باج و رسوماتانە گرت کە خراونەتە سەر کەشتییەکان بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز و هۆشداری دا، ئەمە نەبێتە نەریت و دواتر لە گەرووە ستراتیژییەکانی تری وەک مەلەکا لە ئاسیا پەیڕەو نەکرێت.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە، پێویستە پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا بێ هیچ مەرج و کۆتوبەندێک بێت و بە ئازادی لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر بڕوات بۆ ئەوەی رێگری لە داڕمانی ئابووری و پەککەوتنی گەشتەکان بگیرێت.
ئەم قسانەی فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، لە دوای ئەوە دێت کە لە 28ـی شوباتی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، بە هۆیەوە جگە لە کوژرانی دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازی پلە باڵای ئێران، بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز کە یەکێکە لە کاریگەرترین رێڕەوە ئاوییە جیهانییەکان بۆ گواستنەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان.