کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە بەغدا: هەنگاوەکان بۆ چارەکردنی کێشەی نەوت چڕ دەکرێنەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان، بە ئامانجی رەواندنەوەی نیگەرانییەکان و هاندانیان بووە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کۆبوونەوەیەی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە هەرێم کار دەکەن، ئامانجێکی ستراتیژیی لە پشتەوە بووە.
وەزیری نەوت رایگەیاند: کە ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پێدانی دڵنیایی بووە بە کۆمپانیا بیانییەکان سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ کارکردن لە ناوخۆی عێراقدا، هەروەها هاندانیان بووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ و بێ دواکەوتن دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە دا کە تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی ناو کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە ئێستا رووبەڕووی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە دەبنەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، وەزیری نەوت ئاشکرای کرد، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان رابسپێرێت بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە لەو گرفتانە بکەن و خوێندنەوەی پێویستی بۆ بکەن، ئەمەش بە مەبەستی داڕشتن و دۆزینەوەی چارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە.