بڕیارەکەی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نرخی نەوتی 10% دابەزاند
دوای قاگەیاندنی کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، نرخغ نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی و بە رێژەی 10% هاتە خوارەوە.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "هاوتەریب لەگەڵ رێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان، هاتوچۆی تەواوەتی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە ئاسایی بووەتەوە".
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە، تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە رێگەی ئەو رێڕەوانە دەبێت کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی بەندەرەکانی ئێرانەوە دیاری کراون، جەختی لەوەشکردەوە، گەرووەکە بە درێژایی ماوەی ئاگربەستەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
هاوکات دوای بڕیارەکەی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناویبرد و سوپاسی ئێرانی کردووە بۆ بڕیارەکەیان لە بارەی کردنەوەی گەرووی هورمز.
ئەم بڕیارەی تاران کاریگەرییەکی خێرای کردە سەر بازاڕەکانی وزە، چونکە گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، کردنەوەی تەواوەتیشی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پچڕانی دابینکردنی وزە لە ناوچەکەدا رەواندەوە.