کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆریای باشوور لە رێگەی دەریای سوورەوە تێپەڕی
حکوومەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای داخستنی گەرووی هورمز، کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەی لە دەریای سوور پەڕییەوە. ئەم هەنگاوەی سیئۆل وەک بەشێک لە گەڕان بەدوای رێگەی بەدیل بۆ دابینکردنی وزە دێت، پاش ئەوەی بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەرووی هورمز بە کردەیی داخرایە رووی کەشتییەکان.
رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026 سیئۆل رایگەیاند، کۆریای باشوور کە زۆرترین پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستێت، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە و لەگەڵ دەسپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز، چەندین رێکاری بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر دابینکردنی وزە گرتووەتە بەر.
حکوومەتی کۆریای باشوور هەوڵ دەدات سەرچاوەی نوێی نەوتی خاو بدۆزێتەوە و لەم مانگەدا رایگەیاند کە 5 کەشتی بۆ بەندەری یەنبووعی سعوودی لە دەریای سوور دەنێرێت تاوەکو وەک رێگەیەکی جێگرەوە بەکاری بهێنن. وەزارەتی زەریاکانی کۆریای باشوور رۆژی هەینی دووپاتی کردەوە کە ئەمە "یەکەمین حاڵەتی گواستنەوەی نەوتی خاوە بۆ ناوخۆی وڵات لە رێگەی دەریای سوورەوە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز."
لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور ئەم هەنگاوەی وەک "دەستکەوتێکی گرنگ" وەسف کرد کە لە ئەنجامی کاری هاوبەشی وەزارەتەکان وەک یەک تیم هاتووەتە دی، هەروەها سوپاسی دەریاوانان و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لەم بارودۆخە سەختەدا بەردەوام کاریان کردووە.
هاوکات کانگ هوون سیک، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆریا رایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 270 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەو رێگەیانەوە دابین بکات کە بە قەیرانی گەرووی هورمز کاریگەر نەبوون. ئەم بڕەش بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی رابردوو، بەشی پێداویستی زیاتر لە 3 مانگی وڵاتەکە دەکات. ناوبراو لە ماوەی رابردوودا بە مەبەستی دابینکردنی سەرچاوەی بەدیلی سووتەمەنی، سەردانی هەر یەکە لە کازاخستان، عومان، سعوودیە و قەتەری کردبوو.