میدیای ئێران: هاتوچۆ گەرووی هورمز تەنیا بە رەزامەندی سوپای پاسداران دەبێت

کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرجەگانی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز راگەیاند و جەختی کردەوە کە تەنیا رێگە بە کەشتییە مەدەنی و بازرگانییەکان دەدرێت تێپەڕ بن، ئەویش بە مەرجی وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمیی سوپای پاسداران (IRGC).

هەینی 17ـی نیسانی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران (IRIB) لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیەوە، مەرجەکانی تارانی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا راگەیاند.

بەپێی لێدوانی ئەم بەرپرسە باڵایە، کردنەوەی گەرووەکە تەنیا کەشتییە مەدەنی و بازرگانەکان دەگرێتەوە و رێگە بە هیچ جۆرە کەشتییەکی جەنگی و سەربازی نادرێت تێپەڕ بێت.

باسی لەوەش کردووە، هەر کەشتییەک بیەوێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت، دەبێت رەزامەندیی فەرمیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی (IRGC) وەربگرێت.کەشتییە سڤیل و بازرگانییەکان پابەند دەکرێن بە تێپەڕبوون تەنیا لەو رێڕەو و هێڵە دەریاییانەی کە لەلایەن رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ئێرانەوە دەستنیشان کراون.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە تاران ڕێگە بە سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان، بە کەشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە دەدات بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، بەڵام بە مەرجێک کە پێشوەختە بەرنامەی گەشتەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران (IRGC) هەماهەنگ بکەن.

ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کردووە کە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران بەشێک بووە لەو ڕێککەوتنەی پەیوەندی بە کردنەوەی گەرووەکەوە هەیە.

ئەم بڕیارەی تاران لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، بەهۆی ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز دەکرێتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو گەرووەکە کراوەیە، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بەردەوام دەبن تاوەکوو رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران واژۆ دەکرێت

ئەم مەرجانەی ئێران ئاماژەیەک دەبن بۆ ئەوەی کە تاران دەیەوێت لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە کۆنترۆڵی تەواوی ئەم دەروازە ستراتیژییەی جیهان بکات و تەنیا رێگە بەو کەشتیانە بدات کە خۆی دەیەوێت.