ستارمر: زیاتر لە 12 وڵات لە هێزە نێودەوڵەتییەکەی پاراستنی گەرووی هورمز بەشدار دەبن

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کردنەوەی گەرووی هورمزی وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ ئابووری جیهان وەسف کرد و رایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی تر، پلانێکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی راگەیاندووە. جەختی کردەوە کە دەبێت هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا بەبێ باج و کۆتوبەند بێت

هەینی 17ـی نیسانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) کردنەوەی گەرووی هورمزی بە هەواڵێکی باش وەسف کرد و جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی ئاسایش بۆ هاتوچۆی بازرگانی لە ناوچەکەدا کردەوە.

ستارمەر رایگەیاند، دەبێت چارەسەری کێشەی گەرووی هورمز درێژخایەن و کردەیی بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا بەبێ سەپاندنی هیچ جۆرە باجێک یان دانانی کۆتوبەند لەسەر رێڕەوە دەریاییەکان بێت.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵێک هاوبەشی نێودەوڵەتی، پلانێکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی راگەیاندووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە رووبەڕووی قەیرانی وزە و پەککەوتنی بازرگانی ببووەوە.

ستارمەر دووپاتی کردەوە کە جیهان پێویستی بە گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیرییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای کرد هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ململانێی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند کە زیاتر لە 12 وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە ئەرکێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیخواز و بەرگری بە سەرۆکایەتی لەندەن و پاریس، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز، کە بڕیارە هەر کاتێک بارودۆخەکە گونجاو بوو جێگیر بکرێن. ئاماژەی بەوە کرد کە پلانی سەربازی بۆ ئەم هێزە بەردەوامە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە لەندەن کۆبوونەوەیەک بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی پێکهاتەی هێزەکە ئەنجام بدرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێران کرد بۆ کردنەوەی کاتیی گەرووەکە لە ماوەی ئاگربەستدا، بەڵام داوای کرد گەرووەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێ مەرج لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بکرێتەوە

جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکە نێودەوڵەتییە، بەڵام جەختی کردەوە کە جێگیرکردنی هێزەکان دەبێت تەنیا دوای "کۆتاییهاتنی تەواوەتیی شەڕ" بێت.

فریدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا بەشداری لە گفتوگۆکانی پلانی سەربازیی هێزەکەدا دەکات. گوتیشی کە بەشداریکردنی ئەمریکا لەم هێزەدا پێویستە و ئەڵمانیاش بەو مەرجە هاوکاری سەربازی بۆ هەڵگرتنەوەی مین و چاودێری دەکات کە بڕیارێکی فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پشت بێت.