دوای لێدوانەکانی ترەمپ، ئیسرائیل داوای روونکردنەوە لە واشنتن دەکات

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە قەدەخە کردنی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، تووشی شۆک و سەرسوڕمان بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتیەوە، ناتانیاهوو و یاریدەدەرانی دوای بینینی پۆستەکەی ترەمپ تووشی دڵەڕاوکێ بوون، چونکە لێدوانەکەی ترەمپ لەگەڵ ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا یەکناگرێتەوە. بەرپرسەکە دەڵێت: "رێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان، مافی بەرگریی لەخۆگرتن بە ئیسرائیل دەدات بەرامبەر بە هەر هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو یان دەستبەجێ."

هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات، یاریدەدەرانی ناتانیاهوو دەستیان کردووە بە پەیوەندیکردن بە کۆشکی سپی بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە، تا بزانن ئایا واشنتن هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە یان نا.

ئەم کاردانەوەیەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "ئیسرائیل چیتر بۆردوومانی لوبنان ناکات، ئیتر بەسە." ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمریکا ئیسرائیلی لەو کارە قەدەخە کردووە و واشنتن بە جیاواز لەگەڵ لوبنان کار لەسەر دۆسیەی حیزبوڵڵا دەکات.

هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ رێککەوتنێکی دارایی لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە و پرسی ئێران پەیوەندی بە دۆسیەی لوبنانەوە نییە.

رۆژی پێنجشەممە ترەمپ بڕیاری ئاگربەستێکی 10 رۆژەی لە لوبنان راگەیاند؛ بڕیارە ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.