قالیباف هێرشی توند دەکاتە سەر ترەمپ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە یەک کاتژمێردا حەوت بانگەشەی ناڕاست 'درۆ'ـی کردووە،
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، محەممەد باقر قالیباف، لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "دۆناڵد ترەمپ لە یەک کاتژمێردا حەوت بانگەشەی ناڕاست 'درۆ'ـی کردووە"، جەختیشی کردەوە، ئەمریکییەکان نە لە رێگەی درۆوە جەنگیان بردۆتەوە و نە لە دانوستانەکانیشدا بەو شێوازە دەگەنە هیچ ئەنجامێک.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گەرووی هورمز، قالیباف هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: "لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکان، گەرووی هورمز بە رووی کەشتیەکاندا بە کراوەیی نامێنێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هاتوچۆ لەو گەرووەدا تەنیا لە رێگەی "رێڕەوی دیاریکراو" و بە "مۆڵەتی فەرمی ئێران" دەکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کرد، بڕیاری کۆتایی لەسەر کرانەوە یان داخرانی گەرووی هورمز و یاساکانی پەیوەست بەو ناوچەیە، لە مەیدانی کردەیی دا دەدرێت نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف ئاماژەی بە شەڕی میدیایی کرد و گوتی: "ئەندازیاریکردنی رای گشتی بەشێکی گرنگی جەنگە، بەڵام گەلی ئێران بەم فێڵانە هەڵناخەڵەتێن." داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە زانیاری و هەواڵی وردی دانوستانەکان تەنیا لە لێدوانە فەرمییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە وەربگرن.