کات و شوێنی دانوستانی داهاتووی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا کرا
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران ئامادەکاری بۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر پرسی ئەتۆمی بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 20ـی نیسان، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ دەکات.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ تاران دەستبەرداری هێڵە سوورەکانی نابێت.
هەروەها بەرپرسێکی ئێرانی بۆ هەمان ئاژانس ئاماژەی بەوە دا، هیواخوازن لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ واشنتن بگەنە رێککەوتنێکی سەرەتایی.
روونیشی کردەوە، ئاماژە هەیە بۆ چارەسەرێکی مامناوەند بۆ ئەوەی رێگە بە لابردنی بەشێک لە یەدەگی ئەتۆمیی ئێران بدات.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەیدا ئاژانسی رۆیتەرز پشتی بە داتای چاودێریکردنی کەشتییەکان بەستووە و ئەوەشی خستە روو، چەندین نەوتهەڵگر کەنداویان جێهێشتووە و بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران، لە ئیسلام ئابادی پایەختی پاکستان بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان کە نزیکەی 21 کاتژمێریان خایاند؛ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەندان بابەتی "جەوهەری" بەڵام لەگەڵ شاندی ئێرانی نەگەیشتن بە رێککەوتن.