نەتەوە یەکگرتووەکان: 38 هەزار ئافرەت لە غەززە کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات لە ماوەی دوو ساڵی شەڕدا لە کەرتی غەززە، زیاتر لە 38 هەزار ئافرەت بوونەتە قوربانی، ئەوەش وەک نیشانەیەک بۆ قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئافرەتان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، لە نێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 38 هەزار ئافرەت کوژراون، بەگوێرەی ئامارەکان، ئەمە بەو واتایەیە کە رۆژانە بە تێکڕا لانی کەم 47 ئافرەت گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆی ئەو ژمارەیە زیاتر لە 22 هەزار ئافرەتی پێگەیشتوو و 16 هەزار کچی منداڵ و مێردمنداڵ هەن، دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری هەیە ژمارە راستییەکان زۆر لەوە زیاتر بن، چونکە هێشتا تەرمێکی زۆر لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و بەهۆی بارودۆخی مەیدانییەوە تیمی تەندروستی ناتوانن هەموویان تۆمار بکەن.

سۆفیا کاتڕۆپ، گوتەبێژی دەستەی ئافرەتانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "رێژەی مردنی ئافرەتان و کچان لەم خولەی شەڕدا زۆر زیاترە لە هەموو رووبەڕووبوونەوەکانی پێشوو." گوتیشی، ئەو ئافرەتانەی لە ژیاندا ماونەتەوە، رۆژانە لەگەڵ مەترسی توند وەک برسییەتی، ئاوارەبوونی بەردەوام و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەجەنگن.

ئامارە گشتییەکانی غەززە:
تا کۆتایی ساڵی 2025، ئامارە فەرمییەکان و خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، کۆی گشتی کوژراوان گەیشتووەتە دەیان هەزار کەس:

وەزارەتی تەندروستی غەززە:  تاوەکوو 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، ژمارەی کوژراوانی بە 67 هەزار کەس و بریندارانی بە 169 هەزار کەس تۆمار کردووە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی  (OCHA) : لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوان 71 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
گۆڤاری "زە لانست" :  لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرای کردووە، تاوەکوو سەرەتای ساڵی 2025، نزیکەی 75 هەزار کەس بەهۆی هێرشی راستەوخۆوە کوژراون، جگە لە هەزاران کەسی دیکە کە بەهۆی گەمارۆ و داڕمانی سیستەمی تەندروستی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە، کوژرانی 38 هەزار ئافرەت و کچ، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی رێژەی مێینە لە هەندێک تەمەنی دیاریکراودا لە کەرتی غەززە، نیشانەی قووڵیی کارەساتە مرۆییەکە و بەرزبوونەوەی مەترسیداری رێژەی قوربانیانی مەدەنییە.