ساحل کرماشانی: بە گۆرانییە خەمگین و نەرمەکاندا دەتوانم هەستی خۆم دەربڕم

ئەمڕۆ شەممە، 18ی نیسانی 2026، ساحل کرماشانی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

ساحل کرماشانی دەڵێت، "من زۆر حەزم بە زمانی کوردی هەیە و دەمەوێت بە زمانی دایکی خۆیم بەردەوام بم و لە داهاتوودا ئەگەر دەرفەت هەبێت، دەتوانم هەندێک گۆرانی تورکی و فارسی بکەمە کوردی و تۆماری بکەم و بڵاویان بکەمەوە".

ساحل کرماشانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ، باس لە ئەزموونی خۆی لەکاری هونەری دەکات و بە کوردستان24ی گوت،"هەر لە منداڵییەوە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، زانیومە  ئارەزوویەکی گەورەم بۆ دەنگ و گۆرانی هەیە. سەرەتای رێگەی هونەریم بە گۆرانی دەستپێنەکردووە، بەڵکو یەکەم هەنگاوم بە قورئان خوێندن بووە. دواتر چوومەتە ناو سروودە ئاینییەکان و پاشان، لە تەمەنی هەرزەکاریدا، توانیومە هەست و سۆزی خۆم لە رێگەی گۆرانییە پڕ مانا و خۆشەویستییەکان دەرببڕم. هەروەها پێش ساڵی 2021 لە رۆژهەڵات لە بۆنەکانی وەک لەدایکبوون و هەندێک ئاهەنگدا بە زمانی فارسی و بە شێوەزاری کەلھوڕی گۆرانیم گوتووە. بەڵام لە ساڵی 2021 یەکەم بەرهەمی فەرمی خۆم بە ناوی باران بە شێوەزاری شیرینی سۆرانی بڵاوکردووەتەوە".

ساحل کرماشانی گوتیشی، "تا ئێستا هەشت تراکی گۆرانی و دوو میوزیکی ڤیدیۆییم هەیە، کە زۆربەیان لە ناو ئەلبومی یەکەمی باران دان. هەروەها دوای گواستنەوەمان بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019، بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دوورکەوتوومەتەوە، بەڵام دواتر بە بەشداری کردن لە خولی نۆتە خوێندن، سۆلفێژ، دەنگسازی و مەقام، توانیومە دووبارە بگەڕێمەوە ناو مەیدانی هونەری. هەروەها لە دوای ئەوەدا لە فێستیڤاڵەکانی شیعر و ئەدەب، ئاهەنگەکانی نەورۆز، بەرنامە تایبەتەکان و لایڤ میوزیکەکان بەشداریم کردووە، کە هەموویان بوونەتە هۆی ناساندنی زیاترم".

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە شێوازی هەڵبژاردنی گۆرانییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "من زیاتر لە گۆرانییە خەمگین و نەرمەکاندا دەتوانم هەستی خۆی نیشان بدەم، بەڵام هێشتا لە هەڵبژاردنی شێوازێکی  تایبەتی خۆم کار دەکەم، چونکە گرنگترین شت گەیاندنی هەست و پەیامە بۆ گوێگرەکانم، نەک تەنیا ناوی ستایل و شێوازەکەی. هەروەها من زۆر حەزم بە زمانی کوردی هەیە و دەمەوێت بە زمانی دایکی خۆیم بەردەوام بم و لە داهاتوودا ئەگەر دەرفەت هەبێت، دەتوانم هەندێک گۆرانی تورکی و فارسی بکەمە کوردی و تۆماری بکەم و بڵاویان بکەمەوە".

لەکۆتایی قسەکانیدا، ساحل کرماشانی، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و گوتی، "نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆم گۆرانییەکە بەناوی "کچی شاری کرماشان"، کە تێکست و میلۆدییەکەی خۆم دامناوە و چاوەڕوانی کاتێکی گونجاوم تا بڵاویبکەمەوە. هەروەها کار لەسەر بازسازیی گۆرانییەکی فولکلۆری دەکەم بە ناوی کرماشان کرماشان، کە بە شێوازێکی نوێ لەلایەن مامۆستا جەمال نەسیمی ئامادەکراوە، هیوادارم بتوانم لەنزیکترین کاتدا ئەو دوو بەرهەمە نوێیەم تۆمار بکەم و بڵاویان بکەمەوە".

ساحل کرماشانی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە و خاوەنی هەشت تراکی گۆرانییە و تا ئێستاش لەکاری هونەری بەردەوامە.