شانۆگەری "سەلمە" چوار خەڵاتی سەرەکی لە عومان بەدەستهێنا
گروپی شانۆی هەوار، بە شانۆگەری "سەلمە"، کە لە دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شەوانی ئوفیر بۆ شانۆی دۆکیۆدراما لە شاری سەڵاڵەی شانشینی عومان، توانی چوار خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.
نەژاد نەجم دەڵێت: "ئەم خەڵاتە پێشکەش بە رۆحی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز دەکەین؛ وەک رێزێک لە یاد و وەفاداری بۆ ئەو کەسایەتییەی کە لە بوارەکانی راگەیاندن و کولتووردا کاریگەری و جێپەنجەی خۆی بەجێهێشتووە."
ئەمڕۆ شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی گوت، "بەدەستهێنانی ئەو چوار خەڵاتە سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو؛سەرکەوتنێک کە وەک یەکێک لە درەوشاوەترین ئامادەبوونەکانی شانۆی کوردی لە دەرەوەی وڵات دەبینرێت، گروپی شانۆی هەوار بە شانۆگەری "سەلمە" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شەوانی ئوفیر بۆ شانۆی دۆکیۆدراما، توانی لە کۆی شەش خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە چوار خەڵات بەدەستبهێنێت و ناوی شانۆی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز بکاتەوە."
نەژاد نەجم گوتیشی، "لەو فێستیڤاڵەدا 63 نمایش بانگهێشتکرابوون، بەڵام تەنیا 9 نمایش لەلایەن لێژنەی هەڵبژاردنەوە بۆ پێشبڕکێی کۆتایی هەڵبژێردران. لە کۆی شەش خەڵاتی دابەشکراو، شانۆگەری "سەلمە" توانی چوار خەڵات بەدەستبهێنێت. ئەو چوار خەڵاتەش بریتی بوون لە، خەڵاتی باشترین نمایش، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ هەوار فارس، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بە هاوبەشبوونی خەڵاتەکە لەگەڵ هونەرمەندی فەرەنسی ئۆغێرلی ئەمپێرت."
ئەو دەرهێنەرە باس لە پێشەشکردنی ئەو خەڵاتە بە رۆحی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز دەکات و دەڵێت، "هەروەها ئەم سەرکەوتنە پێشکەش بە رۆحی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز دەکەین؛ وەک هەنگاوێک بۆ رێزگرتن لە یاد و کاری ئەو کەسایەتییەی کە لە بوارەکانی راگەیاندن و کولتووردا جێپەنجەی خۆی بەجێهێشتووە."
نەژاد نەجم باس لە چیڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم نمایشە کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و نمایشەکە هەوڵدەدات بە زمانی شانۆ، بیرەوەریی قوربانییان زیندوو بڕەوێنێتەوە و رووناکی بخاتە سەر ئەو ئازار و زیانانەی کە بەسەر هەزاران خێزان و نەوەکانی کورددا هاتوون. هەروەها نمایشەکە پەیامێکی مرۆیی و جیهانی هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی یادەوەریی قوربانییان و دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا."
شانۆگەری "سەلمە"، لە نووسینی د. دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە. هەروەها هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرت رۆڵی سەرەکی لەو نمایشە دەگێڕن، لەگەڵ ستافێکی تەکنیکی و بەڕێوەبەری بەرهەم، لە بەرهەمهێنانی ئەم کارەدا بەشدارییان کردووە.