فێستیڤاڵێکی کوردستان دەبێتە دەنگی ژینگەی کوردستان

فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، بە ئەندامبوون لە تۆڕی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵەکانی فیلمی ژینگە، هەنگاوێکی نوێی بەرەو ناسنامەی جیهانی هەڵگرت؛ هەنگاوێک کە دەرگای هاوکاری، گۆڕینەوەی ئەزموون و گەیاندنی پەیامی پاراستنی ژینگە بە ئاستێکی فراوانتر لە جیهاندا دەکاتەوە.

پشتیوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فێستیڤاڵی ژینگەی کوردستان، دەربارەی ئەندامبوونی لەو تۆڕە جیهانییە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم ئەندامێتییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ فێستیڤاڵی کوردستان، چونکە دەرگای پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک فێستیڤاڵی تایبەت بە ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام لە جیهاندا دەکاتەوە. هەروەها دەرفەتی گۆڕینەوەی فیلم، بەشداری لە پرۆژە هاوبەشەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی رێکخەرانی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە دابین دەکات."

پشتیوان عەبدوڵڵا گوتیشی، "بوون بە ئەندامی ئەم تۆڕە جیهانییە، متمانە و ناسنامەی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی کوردستان بەهێزتر دەکات و یارمەتی دەدات پەیامی پاراستنی ژینگە و گرنگیدان بە کێشە ژینگەییەکان لە رێگەی هونەری سینەماوە بگاتە ژمارەیەکی فراوانتر لە بینەر و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان."

سەرۆکی فێستیڤاڵی کوردستان باس لە گرنگی ئەندامبوونیان لەنێو ئەو تۆڕە جیهانییە دەکات و دەڵێت، "گرنگی ئەندامبوونی فێستیڤاڵی کوردستان لەنێو ئەو تۆڕە جیهانییەدا ئەوەیە کە، دەرفەتی گۆڕینەوەی فیلمە لەگەڵ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان. سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی چەندین دەیەی رێکخستنی فێستیڤاڵە گەورەکان. بەدەستهێنانی ناسنامە و متمانەی نێودەوڵەتییە. فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییەکانی فێستیڤاڵە لە ئاستی جیهان دا. هەروەها هەر فێستیڤاڵێک بیەوێت ببێتە ئەندام، پێویستە بە شێوەی سەرەکی کار لەسەر بابەتەکانی ژینگە، گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی سروشت بکات."

پشتیوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 1993 لە شاری بارسێلۆنا دامەزراوە و بە یەکێک لە کۆنترین و ناسراوترین فێستیڤاڵەکانی فیلمی ژینگە لە جیهان دادەنرێت، دواتر لە ساڵی 1998، بووەتە تۆڕێکی نێودەوڵەتی جیهانی بۆ فێستیڤاڵەکانی فیلمی ژینگە، 34 ئەندامی هەیە و ئامانجی تۆڕەکە بەهێزکردنی هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموونە لە نێوان فێستیڤاڵەکان و بڵاوکردنەوەی پەیامی پاراستنی ژینگەیە."

پشتیوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، "بنەمای بیرۆکەکە ئەوەیە کە ژینگە مافێکی مرۆییە و ئەندامانی تۆڕەکە پشتگیری ئەم بیرۆکەیە دەکەن. هەروەها فێستیڤاڵگەلێک لە وڵاتانی جیاوازی وەکو ئەمریکا، ئەرجەنتین، پێرو، ئیسپانیا، پورتوگال، غانا، فەرەنسا و مەکسیک لە ئەندامانی ئەم تۆڕەن."

فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، کە 20ی ئایاری ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو، دوای ئەندامبوونی لە تۆڕی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵەکانی فیلمی ژینگە، خۆی بۆ خولی داهاتوو ئامادە دەکاتەوە و بڕیارە خولی داهاتووی فێستیڤاڵەکە لە مانگی ئەیلوول دا لە سۆران بەڕێوەبچێت.