ئێران: بەهیچ شێوەیەک یۆرانیۆمی پیتێنراو رادەستی ئەمریکا ناکەین

سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە واشنتن راگەیاند و جەختی کردەوە، تاران ئامادە نییە بۆ هیچ خولێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بەردەوامیی هەڵوێستە توندەکانی ئەمریکا، ئێران هیچ مەبەستێکی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان نییە، راشیگەیاند، "تاران بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆمی پیتێنراو رادەستی ئەمریکا ناکات"، هەروەها ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "خیانەتی لە دیپلۆماسی" کردووە، سەرەڕای ئەوەی ئێران بە نیەتێکی باشەوە چۆتە ناو دانوستانەوە.

سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێمە دەمانەوێت گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و ئاسانکاریمان بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی کردووە، بەڵام لایەنی ئەمریکی هەوڵی تێکدانی رێڕەوە دیپلۆماسییەکان دەدات"، هۆشداریشی دا، کە سەردەمی داگیرکاری کۆتایی هاتووە و گوتی: "جەنگ هیچ چارەسەرێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێین، بە هەموو هێزمانەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە."

خەتیبزادە لە لێدوانەکانیدا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت گوتی، ترەمپ زۆر قسە دەکات و لێدوانەکانی پڕن لە "دژبەیەک."
هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە" جێبەجێ بکات و واقیعی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بگۆڕێت، جەختیشی کردەوە، ئێران بەرگری لە ناوچەکە دەکات و تەنیا پابەندی ئەو بڕیارانە دەبێت کە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بن.

بەرپرسە ئێرانییەکە دووپاتی کردەوە، لە داهاتوودا هیچ کەسێک ناتوانێت گەمارۆ بخاتە سەر ئێران یان ویستی خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت، گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی مافەکانمان و لەمەودوا بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان دەکەین."