سوپای پاسداران تەقەی لە کەشتییەکی بازرگانی کرد
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند کە بەلەمە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە کەناراوەکانی عومان دەستڕێژی گوللەیان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە.
شەممە 18ـی نیسانی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی عومان کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی بەلەمە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران. ئەم گرژییە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی کتوپڕی تاران بۆ دووبارە داخستنەوەی گەرووی هورمز.
بەپێی راپۆرتەکە رووداوەکە لە دووری 20 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی عومان روویداوە. بەپێی گوتەی کاپتنی کەشتییە بازرگانییەکە، دوو بەلەمی چەکداری سەر بە سوپای پاسداران بەبێ هیچ پەیوەندییەکی یان ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، دەستڕێژی گوللەیان لێ کردوون. دەستەکە دڵنیایی داوە کە کەشتییەکە و تەواوی تاقمەکەی سەلامەتن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، حکوومەتی ئێران بڕیاری دا دووبارە گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دابخاتەوە. تاران ئەم هەنگاوەی وەک وەڵامێک بۆ "بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا" وەسف کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا 24 کاتژمێر پێشتر، ئێران رایگەیاندبوو کە گەرووەکە بە رووی بازرگانیی جیهانیدا دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیڤێت کۆپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، داوای کرد بە زووترین کات هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ئاسایی بکرێتەوە. کۆپەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند جیهان لە "ساتێکی دیپلۆماسیی یەکلاکەرەوەدا"یە و سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، بەڵام هێشتا بارودۆخی گەرووەکە ئاسایی نەبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی کردەوە کە دەبێت ئاگربەستەکە بکرێتە "ئاشتییەکی بەردەوام" و پاراستنی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە ئەرکێکی نێودەوڵەتییە.