ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران: گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی ئێمەدا دەمێنێتەوە

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە راگەیەندراوێکی دوایین هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و دۆخی گەرووی هورمز بڵاو کردەوە و رایگەیاند، کە بستێک لە مافەکانی گەلی ئێران پاشەکشە ناکەن.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دوای ئەوەی "دوژمنان" لە مەیدانی جەنگدا تووشی شکست بوون، خۆیان داوای ئاگربەست و دانوستانیان کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە، گەڕیی کۆتایی دانوستانەکان 21 کاتژمێری بێپچڕان خایاندووە، بەڵام بەهۆی "بێمتمانەیی قووڵ" بەرانبەر بە ئەمریکا، ئێران بە وریایەوە مامەڵە دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوووە، "دوژمن داواکاریی زۆر و نالۆژیکی خستووەتەڕوو، بەڵام ئێمە رامانگەیاندووە کە هیچ سازش و پاشەکشەیەک، تەنانەت بەقەد تاڵە موویەکیش، قبووڵ ناکەین." هەروەها ئاشکرای کردووە پێشنیازی نوێ دراونەتە تاران و ئێستا تەنیا سەرقاڵی پێداچوونەوەن و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی چەند مەرجێکی توندی دیاریکرد، لەوانە، تا کۆتاییهاتنی تەواوەتی جەنگ، گەرووی هورمز لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە. هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕبێت، دەبێت زانیاری ورد بداتە تاران و مۆڵەتی فەرمی وەربگرێت و تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجە ئەمنییەکان، پاراستنی ژینگە و پێدانی "تێچووی تێپەڕبوون".

ئەنجوومەنەکە هۆشداری داوە، هەر هەوڵێک بۆ گەمارۆدان یان تێکدانی هاتوچۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر "کردەوە دوژمنکارییە دەریاییەکان" بەردەوام بن، رێگری تەنانەت لە کردنەوەی سنوورداری گەرووەکەش دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی دانوستانەکان و بۆ نیشاندانی نیازپاکی رەزامەندییان نیشان دابوو ژمارەیەکی سنووردار لە کەشتیی نەوتهەڵگر و بازرگانی لەژێر چاودێرییاندا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن.

روونیشی کردەوە، بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی جاران و ئەو ناوچە ستراتیژییە لەژێر ئیدارە و کۆنترۆڵی توندی هێزە چەکدارەکانیاندایە.