قالیباف: واشنتن لە رێگەی فشارەوە ناتوانێت مەرجەکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە ژێر فشاری هۆشدارییە سەربازییەکانی تاراندا، بە خێرایی لە گەرووی هورمز پاشەکشەیان کردووە. جەختکردنەوە لەسەر باڵادەستیی تەواوی ئێران بەسەر ئەو گەرووە ستراتیژییەدا، و رایگەیاند ئەگەر رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بکرێت، تاران هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی دیکە لە گەرووەکەدا سنووردار دەکات.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە کاتی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاککردنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز، ئێران هۆشداریی توندی پێداون و پێی راگەیاندوون کە ئەگەر پاشەکشە نەکەن، دەکرێنە ئامانج.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئەوان تەنیا 15 خولەک کاتیان لە ئێمە ویست بۆ ئەوەی فەرمانی پاشەکشە بدەن، و دواتر بە خێرایی گەڕانەوە و پاشەکشەیان کرد."

جەختیشی کردەوە گەرووی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و " ئێمە کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەیە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت نیشانەی باڵادەستیی ئێمەیە لە مەیدانەکەدا."

قالیباف بڕیارەکەی ئەمریکای بۆ گەمارۆدانی نەوتی ئێران لە کاتێکدا کەشتییەکانی دیکە بە ئازادی تێدەپەڕن، بە "بڕیارێکی نەزانانە و نا ژیرانە " وەسف کرد و راشیگەیاند: "مەحاڵە هەمووان بێن و بڕۆن و تەنیا ئێران رێگری لێ بکرێت. ئەگەر گەمارۆ لەسەر ئێمە بەردەوام بێت، هاتوچۆ لە گەرووەکەدا سنووردار دەکرێت."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دڵنیایی دایە گەلی وڵاتەکەی، ئێران لە پێگەیەکی بەهێزدایە و ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک، لە هەمان کاتدا پەیامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد کە لە رێگەی فشارەوە ناتوانێت مەرجەکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

محەممەدباقر قالیباف تەنیا سەرۆکی پەرلەمان نییە، بەڵکوو یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندە باڵاکەی ئێران بۆ دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە پاکستان. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ئەو شاندەی کردبوو و بە "کەسانی زۆر ژیر، ورد و لێهاتوو" وەسفی کردبوون، کە ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو واشنتن بە جددییەتەوە لەگەڵ تیمی بەرانبەری دەڕوانێتە ئەگەری رێککەوتن.