سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەممار حەکیم دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە عەممار حەکیم کرد بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، هاوکات هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواست.

شەممە، 18ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "جەنابی عەممار حەکیم، بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەتان وەک سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین."

سەرۆکی حکوومەت، لە درێژەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، "جەنابی عەممار حەکیم، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کار و ئەرکەکانت بۆ دەخوازم".

ئەم پەیامەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی خۆیدا، بە کۆی دەنگ متمانەی بە عەممار حەکیم بەخشییەوە بۆ ئەوەی بۆ جارێکی دیکە سەرکردایەتیی رەوتەکە بگرێتە دەست.

عەممار حەکیم یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی عێراق و، پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەیە.