سێ هەڵبژاردن لە ئێران دواخران
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێران، ئاشکرای کرد، کە بە هۆی جەنگەوە، سێ هەڵبژاردن لەو وڵاتە، دواخراوە.
شەممە، 18ـی نیسانی 2026، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێران، بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، بە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان، هەڵبژاردنی نێوانخولیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییش دواخرا.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، بە پێی یاسا دەبێت هەڵبژاردنی نێوانخولی هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت؛ بۆیە بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان کە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەرییە، بە کردەیی هەڵبژاردنە نێوانخولییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییش دوادەخرێن، بۆ ئەوەی هاوکات لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە بچن.
تەحان نەزیف جەختی کردەوە، هیچ هەڵبژاردنێکی نێوانخولی بە جیاواز و لە دەرەوەی کاتی هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکان بەڕێوە ناچێت و پێویستە هەموویان لە یەک رۆژدا ئەنجام بدرێن.
بڕیار بوو هاوینی پارساڵ هەر سێ هەڵبژاردن بەڕێوە بچن، بەڵام ئەو کات بۆ ساڵی 2026 دواخرا، ئەمساڵیش بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.