بەریتانیا.. 25 هونەرمەندی کورد پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەشیان کردەوە
لەلایەن 25 هونەرمەندی کورد، پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش لەژێر ناوی "یادەوەرییە زامدارەکان"، لەشاری فۆلکستۆنی بەریتانیا، لەناو ئەفسانە گەلەری کرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، مەریوان جەلال، هونەرمەند و رێکخەری ئەو پێشانگە هونەرییە بە کوردستان24ـی گوت، "پێشانگەی "یادەوەرییە زامدارەکان"، کە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد، بۆ ئەوەی بە زمانی هونەر جارێکی دیکە مێژوو و ئازارەکان بخرێنە بەرچاوی جیهان، هەروەها هونەرمەندان دەنگی ئازار و ئومێد لەرێگەی تابلۆکانیانەوە دەگوازنەوە و بە بەرهەمە جیاوازەکانیان کە تێیدا بەشداربوون، وێنەیەکی راستەقینە لە مێژووی خوێناوی کوردستان و هەروەها هیوای ژیان پیشان دەدەن."
مەریوان جەلال گوتیشی، "تابلۆ و کارە هونەرییەکان لەم پێشانگایەدا تەنیا وێنەیەکی جوانکاری نین، بەڵکو هەر یەکەیان چیرۆکێکن، چیرۆکی دایکێک کە منداڵەکەی لەدەست داوە، چیرۆکی گوندێک کە سووتاوە، چیرۆکی ئافرەتێک کە هێشتا چاوی لە رێگەی گەڕانەوەی ئازیزەکانیەتی و چیرۆکی نەتەوەیەک کە بەهۆی تاوانی جینۆساید بە زامداریدا تێپەڕیوە."
ئەو هونەرمەندە باس لە هەستی تابلۆ نمایشکراوەکانی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "رەنگە تاریکەکان، وێنەی خاک و ئاگر، روخساری بێدەنگ و دەستە درێژکراوەکان، هەموویان هەستێکی قووڵ دروست دەکەن لە دڵی بینەردا، بەڵام لە ناو ئەو تاریکییەشدا هێمای ئومێد و بەردەوامی دەبینرێت، گوڵێک، چرایەک، یان ئاسمانێکی روون کە دەڵێت ژیان هەرگیز ناوەستێت."
مەریوان جەلال ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانجی سەرەکی پێشانگەکە ئەوەیە کە ئەو رووداوە ناخۆشانەی بەسەر گەلی کورددا هاتوون، لە بیر نەچن و نەوەی نوێ و جیهانیش ئاگاداربن لەو کارەساتانەی رویانداوە، لە هەمان کاتدا، پێشانگەکە بانگەوازێکە بۆ ئاشتی، دادپەروەری و رێزلێنان لە مافەکانی مرۆڤ."
پێشانگەی "یادەوەرییە زامدارەکان"، کە 25 هونەرمەندی کورد تێیدا بەشداربوون، 18ی نیسانی 2026، لەشاری فۆلکستۆنی بەریتانیا، لەناو ئەفسانە گەلەری کرایەوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

