نەوزاد شێخ کامیل پلانی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەپێی پلانێک دەبێت کە دەبێت پێشوەختە خۆی تۆماربکات و ئینجا دەتوانێت گەنمەکەی رادەستی سایلۆ بکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ پلانی کشتوکاڵی 2026مان لەلایەن کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەوە بۆ هاتووە، کە یەکێک لەوخاڵانەی لەناو پلانەکە زیاد کراوە ئەوەیە، هەر جووتیارێک پێش هاتنی وەرزی بەبازاڕکردن دەبێت پێش وەختە نۆرە بگرێت بۆ ئەوەی گەنمەکەی بباتە سایلۆ.
نەوزاد شێخ کامیل سەبارەت بە چۆنایەتی نۆرەگرتنی پێش وەختە گوتی: دەبێت جووتیار پێشتر لە بنکەی کشتوکاڵی ناوی تۆمارکرابێت، دواتر لە ئەپلیکەیشنی تێلێگرام داوایەک پێشکەش دەکات و دەڵێت من گەنمەکەم ئامادەیە و لەم وادەیە رادەستی سایلۆی دەکەم.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمەش وەکو وەزارەتی بازرگانی ئەم پلانەمان داوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ و داوامان کردووە لە رێگەی بنکە کشتوکاڵییەکان سەرجەم جووتیاران ئاگاداربکەنەوە لەم پلانە نوێیە و دەبێت ئەم ساڵ جێبەجێ بکرێت، گوتیشی، ساڵی پار داواکرا بەڵام نەتوانرا جێبەجێ بکرێت لەبەر ئەوەی جووتیارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گوتیان زۆربەی شوێنەکانمان ئینتەرنێتی نییە، یان هەندێک لە جووتیارەکان خوێندەوارییان نییە. بەڵام ئەمساڵ ئەبێتە ناچاری و ئەوەی پابەند نەبێت گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت.