پزیشکیان هۆشداری توند دەداتە ترەمپ لەسەر مافە ئەتۆمییەکان

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆی نییە گەلی ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکات.

پزیشکیان لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی ناوخۆی وڵاتەکەی روونیشی کردەوە، تاران نیازی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی نییە، بەڵکوو تەنیا مافی یاسایی و رەوای خۆی بۆ بەرگریکردن لە خۆی پیادە دەکات. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێران نایەوێت بازنەی شەڕ فراوان بکات، دەستپێشخەری هیچ جەنگێک نەبووە و هێرشیشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک.

لەبارەی پرسی گەرووی هورمزەوە، محەممەد رەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات کۆتایی بە هەموو شەڕەکانی رۆژئاوای ئاسیا بهێنێت. عارف ئەوەشی خستە روو، تاران لایەنی بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، بۆیە مافەکانی خۆی لەسەر مێزی گفتوگۆکان یان لەسەر ئەرزی واقیع دەستەبەر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان ئاشکرای کرد، تیمی گفتوگۆکاران بەرەوپێشچوونیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا مەودایەکی زۆر لە نێوان هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکیدا هەیە.

 گەورە دانوستانکارەکەی ئێران گوتی، "چەند خاڵێک هەن ئێمە پێداگرییان لەسەر دەکەین، ئەوانیش هێڵی سووریان هەیە، بەڵام رەنگە ئەم پرسانە تەنیا یەک یان دوو خاڵ بن". 

لە بەرانبەردا، ترەمپ سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکان رایگەیاند، ئەمریکا بەشدارە لە گفتوگۆی زۆر باشدا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بخاتە روو، بەڵام دواتر جەختی لەوە کردەوە، تاران ناتوانێت وڵاتەکەی لە پرسی گەرووی هورمزدا بخاتە ژێر گوشارەوە.

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵدا چوونە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشی سەربازیی هاوبەشی واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران دەستی پێکرد. 

لە بەرانبەردا تاران چەندین رێکاری توندی گرتەبەر، لەوانە داخستنی گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی وزەی لە جیهاندا دروست کرد و کاریگەریی قورسی کردە سەر ئابووریی نێودەوڵەتی. 

بە مەبەستی رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری، پاکستان وەک نێوەندگیرێک دەستپێشخەری کرد و توانی ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان لایەنەکاندا دروست بکات. لە ئێستادا دانوستانەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ گۆڕینی ئاگربەستەکە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و رێکخستنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.