پزیشکیان و شەریف هەنگاوی داهاتووی دانوستان تاوتوێ دەکەن

بە نزیکبوونەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان، بڕیارە ئەمڕۆکە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ یەکتر بکەن. 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوا هەنگاوەکانی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کردووە.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەسەر گرنگی و پێویستبوونی بەردەوام دانوستان بۆ چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە، بەڵام بە ئاراستەی بەرقەراری ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عێراقچی و ئیسحاق ئاماژەیانداوە، کە ئەمڕۆکە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە بارەی هەنگاوی داهاتووی دانوستانەکان کە بڕیارە سێشەممە لە ئیسلامئاباد بەڕێوە بچێت، بە تەلەفۆن قسە بکەن.