نیویۆرک تایمز: بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت 2.5 ملیار دۆلار زیان بەر ئێران کەوتووە

راپۆرتێکی نوێی نیویۆرک تایمز پەردە لەسەر قەبارەی ئەو وێرانکارییە ئابوورییە لادەدا کە بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە بەر ئێران کەوتووە. لە کاتێکدا تاران بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی جەنگ و خۆپێشاندانەکان جیهانی لە ئێرانییەکان شاردووەتەوە، واشنتن ئەم دۆخە وەک کارتێکی فشار لە دانوستانەکانی پاکستان بەکاردەهێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ؛ هاوکات بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت بۆ 50 رۆژ 2.5 ملیار دۆلار زیان بەر ئێران کەوتووە

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێت لە ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، پێی نایە 50ەمین رۆژی یەک لە دوای یەکەوە. ئەمە وەک درێژترین و توندترین تاریکیی دیجیتاڵی لە مێژووی هاوچەرخی جیهاندا وەسف دەکرێت کە دەوڵەتێک بەسەر گەلەکەیدا سەپاندبێتی.

بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی ئابووری کە بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردووە، پچڕانی ئینتەرنێت رۆژانە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت. بەمەش کۆی زیانەکان لە ماوەی ئەم 50 رۆژەدا گەیشتووەتە 2.5 ملیار دۆلار. ئەم دۆخە بازرگانیی ئەلیکترۆنی، سیستەمی بانکی و تەنانەت گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیشی پەکخستووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێرانییەکان بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاون. خێزانەکان ناتوانن پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن لە دەرەوە، و گواستنەوەی زانیاری لە ناوخۆی وڵاتیشدا تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتی ناوخۆییەوەیە کە لەژێر چاودێریی توندی سوپای پاسداراندایە.

نیویۆرک تایمز دەڵێت، تاران ئەم پچڕانە وەک چەکێکی ئەمنی بەکاردەهێنێت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی زیانەکانی جەنگ و بوردومانەکان، پەکخستنی هەر هەوڵێک بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی ناوخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو شتەی تاران بە "سیخوڕیی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا و ئیسرائیل" ناوی دەبات.

رۆژنامەکە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە سەرەڕای گەمارۆ دیجیتاڵییەکە، هەندێک ئامێری ئینتەرنێتی مانگی (ستارلینک) بە قاچاخ هێنراونەتە ناو وڵات، بەڵام سوپای پاسداران هەڵمەتێکی توندی بۆ دەستبەسەرداگرتنیان دەستپێکردووە هەروەک چۆن دوێنێ 20 دانەیان لە مازەندەران گیران.

لە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز هاتووە، حکوومەتی تاران دوای 50 رۆژ لە پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێت، دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی هێڵەکان بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و سنووردار لە هەندێک ناوچە و کەرتی دیاریکراودا.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەم هەنگاوەی ئێران تەنیا بۆ رێگریکردنە لە داڕمانی تەواوەتیی ژێرخانی ئابووری و بانکی. ئینتەرنێتەکە تەنیا بۆ بانکەکان، دامەزراوە حکوومییەکان و هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی هەناردەکردن کراوەتەوە. بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی، هێشتا ئینتەرنێت زۆر لاوازە و تەنیا رێگە بە بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەدرێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە نییە.

ئەم دۆخە مرۆیی و ئابوورییە فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر تیمی دانوستانکاری ئێران لە پاکستان. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم "خنکاندنە دیجیتاڵییەوە" تاران ناچار بکات خێراتر رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ واژۆ بکات، چونکە بەردەوامیی ئەم دۆخە مەترسیی داڕمانی یەکجاریی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێرانی لێدەکرێت.