وەزیری وزەی ئەمریکا: رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا گەشبینی خۆی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران نیشان دەدات و رایدەگەیەنێت، سەرۆک ترەمپ هەموو جۆرە فشارێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ناوچەیەکی بێ تیرۆر.

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند، "رێککەوتن کاتی دەوێت، بەڵام رەنگە کاتی زۆری نەوێت، سەرەڕای هەموو ئەو قسە و باسانەی دەبیسترێن، دانوستانەکان لەگەڵ ئێرانییەکان بەردەوامن و پێم وایە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن."

وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای ماوەیەکی کەم ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە دەبینرێت و گوتی، "بە رێککەوتنێکی نوێ، کۆتایی بە 47 ساڵ تیرۆری ئێران دێت، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئێرانیش بە رێڕەوێکی باشتردا بۆ بەرژەوەندی خۆی و گەلەکەی بڕوات."

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سەرۆکی ئەمریکا لەم دۆسیەیەدا، کریس ڕایت گوتی، "سەرۆک ترەمپ دانوستانکارێکی داهێنەرە؛ ئەو هەموو رێگەیەک و هەموو جۆرە فشارێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کاریگەریی خۆی بسەپێنێت و کۆتایی بە جەنگ و ململانێکان بهێنێت."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی لە ئامانجە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "پێموایە هیچ سوپڕایزێک روونادات؛ دواجار رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی بێ تیرۆر، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و کۆتایی بە ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەهێنرێت."