فەرەنسا، تەقینەوەی بۆمبێکی جەنگی دووەمی جیهانی بووە هۆی چۆڵکردنی دانیشتوان لە پاریس

ڕۆژی یەکشەممە، پسپۆڕانی تەقەمەنی لە فەرەنسا بۆمبێکی پاشماوەی جەنگی دووەمی جیهانیی لە ژێر زەویدا تەقاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ناچار بوون دانیشتووانی ناوچەکە لە ماڵەکانیان دوور بخەنەوە.

پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند؛ نزیکەی 800 ئەندامی هێزەکانی پۆلیس گەمارۆی ناوچەی "کۆڵۆمب"یان لە باکووری رۆژئاوای پاریس دا، کە بۆمبەکەیان لە 10ـی نیساندا لەوێ دۆزیەوە.

بەگویرەی راپۆرتی پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس"، کاتژمێر 3:20 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی فەرەنسا، دەنگی تەقینەوەی بۆمبەکە بیستراوە. بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، تەقینەوەکە لە ناو چاڵێکدا بە قووڵایی دوو مەتر ئەنجامدراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پسپۆڕان نەیانتوانی  بۆمبەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە مەترێک بوو، پووچەڵ بکەنەوە.

پێش ئەنجامدانی پرۆسەی تەقاندنەوەکە، هێزە ئەمنییەکان داوایان لەو دانیشتووانە کرد، لە چوارچێوەی 450 مەتری شوێنەکەدا دەژین، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و روو لە ناوەندەکانی حەوانەوە بکەن. هەروەها چەندین رێگای سەرەکی و هێڵی گواستنەوەی گشتیی لە ناوچەکەدا داخران.

دۆزینەوەی پاشماوەی جەنگی دووەمی جیهان لە ئەوروپا هێشتا بەردەوامە؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی جەنگەکەدا، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا لە کاتی کارکردن لە پڕۆژە بیناسازییەکاندا، بەردەوام بۆمبی نەتەقاوە دەدۆزرێنەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی 2025یشدا دۆزینەوەی بۆمبێکی 500 کیلۆگرامی بووە هۆی پەکخستنی وێستگەی شەمەندەفەری "گار دو نۆرد" لە پاریس کە قەرەباڵغترین وێستگەی فەرەنسایە.