شوان قەرەداخی گۆرانی خۆزگەی بڵاوکردەوە

شوان قەرەداخی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "خۆزگە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

شوان قەرەداخی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "گۆرانی "خۆزگە"، تازەترین کاری منە کە بە شێوازی زیرەکی دەستکرد ئەنجام دراوە لە لایەن ئاکار سەلیمەوە. گۆرانییەکە یەکێکە لە شاکارە هونەرییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو  "عەلائەددینی بابا شەهابی" کە هونەرمەندێکی دێرینی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەرێنجی میوزیکەکە لەلایەن  "حەسەن یوسف زەمانی" ئەنجام دراوە کە ئەویش یەکێکە لە میوزیسیان و ئاوازدانەرە بەناوبانگەکانی کورد، هەروەها کاری تۆمارکردنی بەرهەمەکە خۆم کردوومە."

قەرەداخی باس لە چیڕۆکی بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەو بەرهەمە گۆرانییەکی بەهارییە، حەزم کرد چیڕۆکی ئەم گۆرانییە، پەیوەست بکەمەوە بەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی شەڕەوە رووبەڕووی کوردستان بۆتەوە، بۆیە چیڕۆکەکە باسی دوو عاشق دەکات، کە لە سەردەمی جەنگدا لە یەکتری دادەبڕێن، دواتر هەردووکیان پیر دەبن و بەیەک ناگەن، لە ڤیدیۆ کلیپەکەشدا بۆردوومانی دێیەک دەکرێت کە هەمووی ئاڵای کوردستانە، بۆیە پێم باش بوو لەم بەرهەمە نوێیەمدا باسی نەهامەتی میللەتەکەم بکەم لەناو گۆرانییەکی عاشقانەدا."

شوان قەرەداخی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1979 لەشاری سلێمانی لەدایک بووە، یەکەم کاری هونەری بۆ ساڵی 1997 دەگەرێتەوە، ساڵی 1999 هاتۆتە شاری هەولێر و  دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.