ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوا دەکەن تۆم بەڕاک لە تورکیا دەربکرێت

لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە میانی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیادا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، مەحمود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، لە سەرووی لیستی ئەو کەسایەتییانە بوو کە هێرشی توندیان کردە سەر باڵیۆزی ئەمریکا و جارێکی دیکە داوای کرد، تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەک کەسێکی نەخوازراولە تورکیا بناسێندرێت و لە وڵاتەکەیان دەربکرێت.

لەمبارەیەوە، رۆژنامەی "ئایدنلیک" (Aydınlık)، زمانحاڵی تەوژمی ئۆراسیی ئۆپۆزسیۆنە، لە زاری ئاریکانەوە بڵاویکردەوە: "تێبینییەکانی بەڕاک لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی قبوڵکراو نین، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گۆڕەپانێک نییە بۆ دەستێوەردانی بیانی."

ئاریکان لە پەیامێکدا لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، وەڵامی وتەیەکی بەڕاکی دایەوە کە گوتبووی "ناوچەکە تەنیا رێز لە هێز دەگرێت"، ئاریکان گوتویەتی: "ئەمە تێگەیشتنێکی کورتخایەن و هەڵەیە بۆ مێژوو، ئەو هێزە ئیمپریالیستیانەی پشتیان بە زۆرداری بەستبوو، لە کۆتاییدا لەم خاکانەدا تووشی شکست بوون، ئەوەی هەمیشەیی دەمێنێتەوە هێزی رووت نییە، بەڵکو بەهاکانی دادپەروەری، حەق و ویژدانی مرۆییە."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، خاکی تورکیا، کە مێژوویەکی پڕ لە بەرگری دژی هەژموونی بیانی هەیە، رێگە بە کەس نادات داگیرکاری شەرعیەت پێ بدات یان پڕۆژە ئیسرائیلییەکان ئاسایی بکاتەوە."

لەسەر ئاستی ناوخۆ، سەرۆکی پارتی سەعادەت رووی دەمی کردە حکوومەتی تورکیا و پرسیاری کرد: "بڕیار بەدەستەکان چاوەڕێی چی دەکەن؟ دەبێت بەڕاک چی تری مابێت بیکات تا وەک کەسێکی نەخوازراو رابگەیەنرێت؟"

ئاریکان گاڵتەی بە دروشمەکانی ئەنقەرە هات سەبارەت بە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانی مرۆیی و داوای لە حکوومەت کرد ئەم قسانە وەربگێڕن بۆ هەنگاوی دیپلۆماسی کرداری بەرامبەر ئەو لێدوانە گاڵتەجاڕییانەی ئەمریکا.

ئەم ناڕەزایەتییانەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دوای ئەوە دێت، هەینی 17ی نیسانی 2026، تۆم بەڕاک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا رایگەیاند، "ئەم بەشەی جیهان تەنها رێز لە یەک شت دەگرێت، ئەویش هێزە، ئەگەر هێز نیشان نەدەیت و لاوازی بنوێنیت، دەدۆڕێیت." 

 بەڕاک وەک نموونە ئاماژەی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کرد، کە گوایە لەبەرئەوەی "بەهێز و بوێرە،" وڵاتەکەی سەقامگیرە. 

هاوکات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تۆم بەڕاک باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کرد و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دروست بوونی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی بە دوای خۆیدا هێناوە، بەڕاک گوتی،"پێموایە تورکیا و ئیسرائیل لە یەک بەرەن، هەروەک چۆن ئیسرائیل رێککەوتنی لەگەڵ ئەبوزەبی هەیە، ئەوەی لە نێوانیاندا دەگوزەرێت زیاتر لە قسە و پڕوپاگەندە دەچێت، بەڵام لە راستیدا پێکەوە کاردەکەن و پەیوەندییان ماوە."