ژینۆ محەممەد: دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی سیاسییە و مانگرتنەکەی دوایین بژاردەیە بۆ سەروەری یاسا
ژینۆ محەممەد، سەرکردە لە بەرەی گەل، بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی و برایەکەی لە خواردن، دوای ئەوە هات کە گەیشتنە بنبەست لەگەڵ رێکارە یاساییەکان و هەستیان کرد دادگا بە سیاسی کراوە.
دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، ژینۆ محەممەد، سەرکردە لە بەرەی گەل، بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی 8 مانگە چاوەڕێی رێڕەوی یاسایی دەکەن، بەڵام فشاری بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی رێگرە لەوەی دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگای تەمییزی هەولێر، گوتیشی: "ئەگەر یاسا سەروەر بوایە، دەبوو هەر لە سەرەتاوە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بکرایە، بەڵام ئێستا 'میزاجی سیاسی' بڕیار دەدات کێ لە زیندان بێت و کێ ئازاد بکرێت."
سەبارەت بە ئازادکردنی 12 لایەنگری لاهوور شێخ جەنگی ، ژینۆ محەممەد رایگەیاند، هەرچەندە ئەمە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام جێگەی پرسیارە، ئەگەر ئەوان تاوانبار نەبوون، بۆچی 8 مانگ بە نایاسایی راگیران؟ و ئەگەر دۆسیەکە یەکە، بۆچی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای هێشتا ئازاد نەکراون؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکان لە دەرەوەی هۆڵی دادگا دەدرێن.
ژینۆ محەممەد گوتیشی، تەنها کە رێگەی بنەماڵەکانیانەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی و براکەی هەن و نیگەرانن لە دۆخی تەندروستییان بەهۆی مانگرتنەوە، هەروەها جەختی لە پەیامەکەی "ئاوات شێخ جەنگی" خوشکی لاهوور کردەوە و داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی هەرێم کرد کە چیتر بێدەنگ نەبن بەرانبەر ئەو زوڵمە و رێگری بکەن لەوەی دادگاکان بکرێنە ئامرازی یەکلاییکردنەوەی حیسابی سیاسی.
ژینۆ محەممەد جەختی کردەوە، لاهوور شێخ جەنگی نایەوێت بەبێ دادگایی ئازاد بکرێت، بەڵکو داوا دەکات دادگاییکردنەکە شەفاف و دوور بێت لە فشاری حزبی و لە دادگایەکی بێلایەن بێت، تاوەکوو هەموو لایەک بزانن کە ئەو سیناریۆیانەی بۆی داڕژاون دوورن لە راستی و بێ تاوانی بسەلمێنرێت.
شەوی 22ی ئابی 2025 لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.