وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریکا سوپایەکی رۆبۆتی بۆ پاککردنەوەی مینەکانی گەرووی هورمز بەکار دەهێنێت

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی درۆنی دەریایی و ژێردەریاوییە رۆبۆتییەکان بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی کە ئێران چاندوویەتی.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەمریکا چیتر پشت بە کەشتییە تەقلیدییەکانی مین پاککەرەوە نابەستێت، بەڵکوو سیستەمێکی "هێبرید" (تێکەڵە لە مرۆیی و رۆبۆتی) بەکاردەهێنێت. ئەم درۆنە دەریاییانە و ژێردەریاوییە بچووکانە لە رێگەی سۆنارەوە بنکی دەریا دەپشکنن و مینەکان دەدۆزنەوە بەبێ ئەوەی ژیانی دەریاوانەکان بخەنە مەترسییەوە. پسپۆڕانی سەربازی دەڵێن: "ئەگەر یەکێک لەم رۆبۆتانە بە مینێکیشدا بتەقێتەوە، تەنیا زیانی ماددی دەبێت و دەتوانرێت دەستبەجێ دانەیەکی دیکە جێگەی بگرێتەوە."

کێڤن دۆنیگان، فەرماندەی پێشووی دەستەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، رایگەیاندووە، بەکارهێنانی ئەم ئامێرە بێ سەرنشینانە وادەکات پاککردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی لە ناو گەرووەکەدا تەنیا چەند رۆژێک بخایەنێت لەبری ئەوەی چەند هەفتەیەک بخایەنێت. هەر کە رێڕەوێکی بچووک پاککرایەوە، کەشتییە بازرگانییەکان دەتوانن لەژێر پاراستنی سەربازیی ئەمریکادا دەست بە هاتووچۆ بکەنەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئێران لە رێگەی کەشتیی بچووک و بەلەمی راوەماسییەوە لە تاریکیی شەودا مینەکانی چاندووە تاوەکوو لەلایەن راداری کەشتییە جەنگییەکانەوە نەبینرێن.

برایان کلارک، بەرپرسی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا، پێیوایە: "ئەگەر ئەمریکا بتوانێت گەرووەکە پاک بکاتەوە و کەشتییەکان بجووڵێنێت، ئێرانییەکان دەبینن کە کلیلی گەرووی هورمزیان لەدەستداوە، ئەوەش وایان لێدەکات ناچار بن لەسەر مێزی دانوستان پاشەکشە بکەن."

جگە لە رۆبۆتەکان، ئەمریکا هێشتا سوود لە دۆلفینە مەشقپێکراوەکان دەبینێت کە بەشێکن لە بەرنامەی تایبەتی شیردەرە دەریاییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو مینانەی کە تەنانەت رۆبۆتەکانیش رەنگە بە زەحمەت بیاندۆزنەوە.

ئەم هەڵمەتە وەک وەڵامێکی ئەمریکایە بۆ هەڕەشەکانی ئێران، کە رایگەیاندبوو گەرووەکە تەنیا لە رێگەی ئەو ڕێڕەوانەوە کراوەیە کە تاران دیارییان دەکات. واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم سوپایە رۆبۆتییەوە کۆنترۆڵی دەریایی ئێران بشکێنێت و رێگە بۆ هەناردەی نەوتی جیهانی خۆش بکات.