ماکرۆن: بارودۆخی ئێستای گەرووی هورمز هەڵەی ئەمریکا و ئێرانە
سەرۆکی فەرەنسا، رەخنەی توندی ئاراستەی واشنتن و تاران کرد و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزی بە هەڵەیەکی هاوبەش وەسف کرد. ئەو پێی وایە توندکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و وەڵامدانەوە سەربازییەکانی ئێران، تەنیا دەبێتە هۆی پاشەکشەی کەشتییە بارهەڵگرەکان و تێکدانی ئەو کەشە دیپلۆماسییەی کە جیهان چاوەڕێی دەکات لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بەرهەمی هەبێت.
دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی چەند کاتژمێری رابردووی گەرووی هورمز رایگەیاند، گۆڕینی هەڵوێستی ئێران و داخستنەوەی گەرووەکە دەرەنجامی بڕیارە نوێیەکانی ئەمریکایە و ئەمەش وەک هەڵەیەکی گەورە لەلایەن هەردوولاوە دەبینێت.
ماکرۆن جەختی کردەوە کە لەو ئاڵۆزییانەی دوێنێ لە گەرووەکەدا روویاندا، فەرەنسا بە شێوەیەکی تایبەت نەکرابووە ئامانج و هێرشەکان تەنیا فەرەنسایان نەگرتووەتەوە، بەڵکوو پەیوەندییان بە دۆخی گشتیی هاتوچۆی کەشتییەکانەوە هەبووە.
سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، زنجیرەیەک پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و چەند کۆمپانیا و وڵاتێکی وەک ماڵتا، هیندستان و چەند وڵاتێکی دیکە لە ئارادابووە. گوتیشی: "ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر دەستیان بە پاشەکشە و دەرچوون لە گەرووی هورمز کردووە، رێک وەک ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا بینرا."
بەپێی تێڕوانینی ماکرۆن، گۆڕینی هەڵوێستی کتوپڕی بەرپرسانی ئێران پەیوەندی راستەوخۆی بە بڕیارەکەی ئەمریکاوە هەیە بۆ هێشتنەوەی گەمارۆیەکی دیاریکراو لەسەر گەرووی هورمز، بەتایبەت ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
ماکرۆن گوتیشی: "پێموایە ئەمە هەڵەیەکە لەلایەن هەردوو لایەنەوە ئەمریکا و ئێران ئەنجام دراوە." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە توندکردنەوەی فشارەکان لەلایەن ترەمپ و کاردانەوە توندەکانی تاران، دەرفەتەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە پاکستان پەکدەخەن.
دوێنی یەکشەمە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا راگەیاندبوو، دوای ئەوەی کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانی فەرمانی وەستانی جێبەجێ نەکرد، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پێکا و پەکخست.
هاوکات میدیاکانی ئێران دوای هێرشەکەی ئەمریکا بڵاویان کردبووەوە، کە هێزەکانیان کەشتییەکی ئەمریکایان بە درۆن بەئامانج گرتووە.