ئێران گەرەنتیی پاراستنی کەشتییەکانی رووسیا دەدات
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران گەرەنتیی تێپەڕبوونی بێ کێشەی بە کەشتییەکانی رووسیا لە گەرووی هورمز دا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران بە توندی نیگەرانە لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بارهەڵگرەکانی لەلایەن ئەمریکاوە. رووسیا کە دەیەوێت ئاگربەستەکە لە داڕمان رزگار بکات، داوا لە لایەنەکان دەکات مەرجەکانی پاکستان جێبەجێ بکەن و رێگە نەدەن پێکدادانی سەربازی جێگەی دیپلۆماسی بگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەی کەنداو و چارەنووسی ئاگربەست.
بەپێی راگەیەندراوەکە، عەباس عێراقچی, لە هەڵوێستی تاران ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بەوەی بە "پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بەرانبەر ئاگربەست"؛ عێراقچی ئاماژەی بە گەمارۆی نایاسایی دەریایی لەسەر گەرووی هورمز و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کەشتی تۆسکا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کردووە وەک نیشانەیەک بۆ شکستهێنانی لایەنی ئەمریکی لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی.
لایەنی رووسی جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست کردەوە و رایگەیاند، دەبێت هەموو لایەک پابەندی ئەو مەرجانە بن کە لەلایەن نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە دیاری کراون. لاڤرۆڤ جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پێکدادانێکی چەکداریی نوێ.
رووسیا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی ببێتە کاراسان و هاوکار تاوەکوو ئێران و وڵاتانی عەرەبی کەنداو بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەک بێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ئیقلیمییەکان.
لە بەرانبەردا، وەزیری دەرەوەی ئێران دڵنیایی دایە مۆسکۆ و رایگەیاند، کە تاران هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی کەشتییە بازرگانییەکان و بارە گواستراوەکانی رووسیا بەبێ هیچ بەربەست و گرفتێک بە نێو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن.