پاکستان: بۆ بەشدارییکردن لە دانوستانەکان ئاماژەی ئەرێنیمان لە تارانەوە پێگەیشتووە

بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، ئاماژەی دڵخۆشکەریان لە تارانەوە پێگەیشتووە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. لە کاتێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست ماوە، دیپلۆماسییەتی پاکستانی خەریکی رەواندنەوەی ئەو دوودڵییانەیە کە بەهۆی پێکدادانە دەریاییەکانەوە دروست بوون، تاوەکوو سبەی لە ئیسلامئاباد گەورەترین رێککەوتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا واژۆ بکرێت.

بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی پاکستان، ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، وڵاتەکەی متمانەی تەواوی هەیە لەوەی بتوانێت لایەنی ئێرانی قایل بکات بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەم بەرپرسە پاکستانییە، گوتیشی، "ئێمە ئاماژەی ئەرێنیمان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە بارودۆخەکە هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە و هەستیارە، بەڵام ئیسلامئاباد هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ تاوەکوو دڵنیابێتەوە لە ئامادەبوونی شاندی ئێران لەو دانوستانانەی بڕیارە سبەینێ سێشەممە یان دووسبێ چوارشەممە دەست پێ بکەن.

سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە پاکستان لە پەیوەندییەکی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەکە لە تاران و واشنتن. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئیسلامئاباد لە کاتێکدایە کە وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەست، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دیاری کراوە، زۆر نزیک بووەتەوە.

ئەم لێدوانە ئومێدبەخشەی پاکستان دوای ئەوە دێت کە تاران پێشتر بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا، دوودڵیی خۆی لە ناردنی شاند نیشاندابوو. پاکستان دەیەوێت پێش ئەوەی ئاگربەستەکە لە 21ـی نیسان کۆتایی بێت، هەردوولا لە دەوری یەک مێز کۆبکاتەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی و رێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی جەنگ.