گرۆسی: هەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەبێ ئاژانسی ئەتۆم تەنیا هیچ بەهایەکی نابێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەیامێکی توند ئاراستەی ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت "رێککەوتنی سیاسی بەبێ پشکنینی مەیدانی بێ بەهایە". گرۆسی کە هاوکات مژدەی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەتۆمیی سووریای پێیە، هۆشداری دەدات کە جیهان بەهۆی پێشبڕکێی نوێی چەکی ئەتۆمی لە ئاسیا و ئەوروپا بەرەو قۆناغێکی زۆر مەترسیدار هەنگاو دەنێت.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی گوتی: هەر رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ بەشداری و چاودێریی ئاژانسەکەیان، هیچ بەهایەکی نابێت.

گوتیشی:"بەبێ پرۆسەی دڵنیابوونەوە ، هەر رێککەوتنێک تەنیا وەهمە یان بەڵێنێکی سەرزارەکییە کە نازانیت جێبەجێ دەکرێت یان نا." جەختیشی کردەوە، تەنیا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەتوانێت شەفافیەتی تەواو و راستیی جێبەجێکردنی مەرجەکان بسەلمێنێت.

بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە پێشبینی دەکات هەر رێککەوتنێکی نوێ، هاوشێوەی رێککەوتنی 2015 بێت و تێیدا ئێران پابەند بکرێت بە دابەزاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و ناردنی بڕە زیادەکەی بۆ وڵاتێکی سێیەم.

گرۆسی نیگەرانیی خۆشی لەبارەی سەلامەتیی ئەو وێستگە ئەتۆمییانەی ئێران دەربڕی کە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، و ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە کێشەی بنیاتی و ئەمنییان تێدا دروست بووبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گرۆسی هۆشداری دا لەوەی کە باس و گفتوگۆکان لەبارەی خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لە وڵاتانی وەک پۆڵەندا، کۆریای باشوور و ژاپۆن جیهان بەرەو دۆخێکی زۆر مەترسیدار دەبات. هەروەها گەشەی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی چین و پەرەپێدانی نهێنیی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور بە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر سەقامگیریی جیهان وەسف کرد.

سەبارەت بە سووریا، گرۆسی مژدەی ئەوەی دا کە کار دەکەن بۆ لادانی ئەو وڵاتە لە لیستی مەترسییەکانی ئاژانسەکە؛ ئاشکرای کرد هاوکارییەکی باش لە نێوان ئەوان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا، لە ئارادایە، بەتایبەت دوای ئەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی دەستیان بەسەر چەند ماددەیەکی ئەتۆمیی رژێمەکەی پێشوودا گرتووە کە پێشتر رانەگەیەندراون. گوتیشی: "مەترسییە سەرەکییەکان لە سووریا رەویونەتەوە و ئێستا تەنیا خەریکی دڵنیابوونەوەی کۆتایین."