ئیمارات: 90%ـی هێرشەکانی ئێران ژێرخانی مەدەنییان بەئامانجگرتووە
وەزیری دەوڵەتی ئیمارات تاران و سوپای پاسدارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە 40 رۆژی یەکەمی جەنگدا جەنگێکی وێرانکەریان دژی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتەکەی بەرپا کردووە. جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران، رەفتاری تاران بەرانبەر دراوسێیەکانی نەگۆڕاوە، گوتیشی: هێرشەکانی ئێران 90%ـی ئامانجەکان مەدەنی بوون.
دووشەممە 20ی نیسانی 2026، ریم هاشمی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هاریکاریی نێودەوڵەتیی ئیمارات، ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 40 رۆژی یەکەمی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، وڵاتەکەی رووبەڕووی لێشاوێکی بێپێشینەی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
وەزیرەکەی ئیمارات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "This Week"ـی کەناڵی ABCـی ئەمریکی رایگەیاند: "تەنیا لە 40 رۆژی یەکەمی جەنگدا، زیاتر لە 2,800 مووشەک و درۆنی ئێرانی ئاراستەی خاکی ئیمارات کراون." هاشمی جەختی کردەوە کە زیاتر لە 90%ـی ئەو هێرشانە ژێرخانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و نەک سەربازی.
هاشمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران دەیەوێت مۆدێلی خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیانی ئیمارات تێکبشکێنێت و گوتی: "ئێمە سامانی نەوتمان بۆ بنیاتنانی هێزێکی ئابووریی جیهانی بەکارهێنا، بەڵام ئەوان سامانەکەیان بۆ بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، درۆن و گرووپە چەکدارەکان بەکارهێنا. ئێمە یاریکەرێکی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارین، بەڵام ئەوان دەوڵەتێکی گۆشەگیر و یاخیبوون."
سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی "گۆڕینی دەسەڵات" لە ئێران روویداوە، وەزیرەکەی ئیمارات گومانی خۆی نیشاندا و گوتی: "راستە هەندێک کەسایەتی گۆڕاون و کارەکتەری نوێ هاتوون، بەڵام ئایا ئەمە کارەکتەری سوپای پاسدارانی گۆڕیوە؟ تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ئومێدبەخش بۆ گۆڕینی رەفتاری سوپای پاسداران نابینین."
ریم هاشمی گوتی: ئیمارات بڕوای وایە سیاسەتی فشاری زۆرترین دژی تاران پێویستە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڕەشەکان بکرێت، بەڵام هۆشداریشی دا، نابێت خەڵکی سڤیلی ئێران ببنە قوربانی "کێشەی سەرەکی سوپای پاسدارانە کە هەڵوێستێکی سەربازیی نەک تەنیا دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵکو دژی تەواوی دراوسێیەکانی لە وڵاتانی کەنداو گرتووەتە بەر."
ئەم لێدوانانەی ئیمارات لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕی نوێی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد. مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن" ئەگەر ئێران مەرجەکانی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز جێبەجێ نەکات.