سوپاسالاری ئەمریکا: ئامادەی دەستپێکردنەوەی جەنگین

ئەسۆشیەیتد پرێس: جەی دی ڤانس و قالیباف بەشداریی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەکەن

تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە نێوان واشنتن و تاران، سەرۆکی ئەمریکا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە پەیامی "ئامادەباشیی جەنگ"یان راگەیاند. لە کاتێکدا ئەسۆشیەیتد پرێس باسی لەوە کردووە، جەی دی ڤانس و قالیباف بەشداریی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد دەکەن.

سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە: "ئێمە لەسەر لێواری ئامادەباشیی تەواوین بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان دژی ئێران لە هەر ساتێکدا بێت." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە واشنتن چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکان ئەگەر رێککەوتن نەبێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پەیامی وێرانکاریی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئاگربەستەکە شەوی سێشەممە کۆتایی بێت و رێککەوتن نەکرێت، بڕێکی زۆر لە بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەن." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو تەنیا یەک شتە: "ئێران نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

سەبارەت بە دانوستانەکانی ئیسلامئاباد، ترەمپ گوتی: واشنتن رەزامەندی داوە شاندەکەی بنێرێت، بەڵام بۆ ئەو گرنگ نییە ئەگەر ئێران بەشداری بکات یان نا، گوتیشی: "ئامادەنەبوونی تاران لە دانوستانەکاندا بۆ من کێشە نییە."

هەروەها ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە پاکستان بڵاوی کردووەتەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەشداریی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەکەن.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەکاریدان بۆ دەستپێکردنەوەی ئەگەریی جەنگ. تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی "داواکاریی زۆر و نالۆژیکی" هەیە و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران بە "راگەیاندنی جەنگ" دەزانێت، نەک هەوڵ بۆ ئاشتی.

ئەمڕۆ سێشەممە وادەی دوو هەفتەیی ئاگربەستەکە کۆتایی دێت. لە کاتێکدا تیمی دانوستانکاری ئەمریکا ڤانس، کوشنەر و ویتکۆف لە رێگەی پاکستانن، تێکچوونی دۆخی گەرووی هورمز و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی هەر دوو لا، ئومێدەکانی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بەرەو نەمان بردووە.