فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانمانە
فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران راگەیاند هێزەکانیان ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر بۆردوومانێکی ئەمریکان؛ دەشڵێت تەنیا چاوەڕێی فەرمانی کۆتایی دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە بخەنە ناو قۆناغێکی نوێی پێکدادان.
سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکی توند و هەڕەشەئامێزدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک و وەڵامدانەوەی وڵاتانی "دوژمن".
مووسەوی جەختی کردەوە کە ئێران لە بەرانبەر فشارەکاندا چۆک دانادات و "ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین و تەسلیمی داواکارییەکانی دوژمن نابین."
ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، تەواوی یەکەکانیان لە دۆخی "ئامادەباشیی توند"دان و گوتی: "هێزی ئاسمانی و دەریاوانی سوپای پاسداران ئێستا پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانە و ئامادەی هەر ئەگەرێک و بەرەوڕووبوونەوەیەکن."
مووسەوی دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بە تەواوی راهێنراون و ئامادەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانن، و تەنیا چاوەڕێی فەرمانی "ئیمام و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن" بۆ دەستپێکردنی هەر ئۆپەراسیۆنێک.
ئەم لێدوانە توندانەی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە و ئومێدەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی لە پاکستان بەرەو کەمبوونەوە دەچن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سێشەممە ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە: "ئێمە لەسەر لێواری ئامادەباشیی تەواوین بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان دژی ئێران لە هەر ساتێکدا بێت." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە واشنتن چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکان ئەگەر رێککەوتن نەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پەیامی وێرانکاریی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئاگربەستەکە شەوی سێشەممە کۆتایی بێت و رێککەوتن نەکرێت، بڕێکی زۆر لە بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەن." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو تەنیا یەک شتە: "ئێران نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."