CNN: جەنگی ئێران کۆگاکانی چەکی ئەمریکای بەتاڵ کردووە

CNN: واشنتن توانای چوونە نێو جەنگێکی دیکەی گەورە نییە

راپۆرتێکی بنکۆلکاری CNN پەردە لەسەر راستییەکی لادەبات؛ سوپای ئەمریکا نیوەی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی خۆی پاتریۆت و سادی لە جەنگی ئێراندا خەرج کردووە. پسپۆڕان دەڵێن ئەمە کەلێنێکی ستراتیژییە و وای کردووە واشنتن لەبەردەم هەڕەشەکانی چیندا بێبەرگری بێت، چونکە گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشوو ساڵانێکی زۆری دەوێت.

سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، راپۆرتێکی نوێی کەناڵی CNN ئاشکرای کرد، کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی دژی ئێران، بڕێکی یەکجار زۆر و مەترسیدار لە کۆگاکانی مووشەکی ستراتیژیی خۆی بەکارهێناوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی قووڵ لەبارەی ئامادەیی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ململانێیەکی تری گەورە لە جیهاندا.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، ئاستی بەکارهێنانی مووشەکەکان بەم شێوەیەیە:

- مووشەکی وردەپێکان (Precision Strike): نزیکەی 45%ـی تەواوی کۆگاکانی ئەمریکا بەکارهێنراون.

- سیستەمی بەرگریی "ساد" (THAAD): 50%ـی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی ئەم سیستەمە خەرج کراون.

- سیستەمی "پاتریۆت" (Patriot): نزیکەی 50%ـی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت تەواو بوون.

- مووشەکی تۆماهۆک و دوورهاوێژەکان: کۆگاکانی ئەم مووشەکانە بە رێژەی 20% بۆ 30% کەمیان کردووە.

پسپۆڕانی سەربازی هۆشداری دەدەن، ئەم دۆخە مەترسییەکی نزیکخایەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر ململانێیەک لەگەڵ هێزێکی گەورەی وەک چین سەرهەڵبدات. یەکێک لە پسپۆڕەکان رایگەیاندووە، ئەم دابەزینە خێرایەی ئاستی چەک، "کەلێنێکی گەورەی لە توانای بەرگریی ئەمریکادا" دروست کردووە و وای کردووە وڵاتەکە بەرانبەر هێرشەکان لاوازتر بێت.

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا چیتر گونجاو نین بۆ ئەنجامدانی "جەنگێکی گشتگیر و گەورە". بەهۆی سستیی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی چەک لە نێوخۆی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت پڕکردنەوەی ئەم کۆگایانە و گەڕانەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ ، پێویستی بە 3 بۆ 5 ساڵ کات هەبێت.