پاکستان: درێژکردنەوەی ئاگربەست دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەدات
دوای ئەوەی ترەمپ هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران راگرت، شەهباز شەریف بە ناوی حکوومەت و سوپای پاکستانەوە پێشوازیی لەو بڕیارە کرد.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی پاکستان و درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران.
شەریف لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "بە ناوی خۆم و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەم کە داواکارییەکەمانی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست قبووڵ کرد. ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی گرنگ دەدات بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان تاوەکو ڕێڕەوی خۆیان بگرنە بەر."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو متمانەیەی پێیان دراوە، پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دڵسۆزانەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکان لە رێگەی مێزی دانوستانەوە.
شەهباز شەریف هیوای خواست کە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی پابەندی ئاگربەستەکە بن و بتوانن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکاندا کە بڕیارە لە (ئیسلامئاباد) بەڕێوە بچێت، بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
ئەم پەیامەی شەریف دوای راگەیەندراوی ترەمپ دێت کە تێیدا رایگەیاندبوو لەسەر داوای پاکستان هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە. ئێستا پاکستان وەک نێوەندگیر دەیەوێت ئەم "دەرفەتە زێڕینە" بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد بکاتە وێستگەی کۆتایی جەنگی نێوان واشنتن و تاران.