ئێران: هەوڵەکانی پاکستان بۆ رازیکردنی ئەمریکا بێ ئەنجام بوون

بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند؛ هەوڵەکانی پاکستان بۆ رازیکردنی ئەمریکا بەمەبەستی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و ئازادکردنی کەشتییە ئێرانییەکە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی راگەیاندووە؛  وڵاتەکەی هەر دانوستانێک کە لەژێر گوشاردا بێت یان ئامانج لێی خۆبەدەستەوەدان بێت، رەت دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران تەنیا کاتێک بەشداری لە گفتوگۆکانی پاکستاندا دەکات کە ئەمریکا دەستبەرداری سیاسەتی گوشار و هەڕەشە بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ تاران هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی پاکستان نەداوە، ئەوەش بەهۆی "نامە دژبەیەکەکان و رەفتارە ناڕوونەکانی ئەمریکا".

هاوکات عەتاوڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان، دووپاتی کردەوە، هەوڵی چڕ هەیە بۆ قایلکردنی ئێران تا بەشداریی لە خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بکات.

سەبارەت بە ناردنی شاند، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رەتیکردەوە هیچ وەفدێکی وڵاتەکەی گەیشتبێتە ئیسلام ئاباد و هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکان دەکەن.

لەکۆتاییدا، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر لە گفتوگۆکاندا رێککەوتن بێتە ئاراوە، ئەوا ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەی مەیدانی یان لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشداری تێدا بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیار بوو دوێنێ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026،  گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوە بچێت. 

لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئاگربەستەکە کۆتایی دێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەک سەرۆکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتبوو، بەڵام هەڵوێستی تاران تاوەکوو ئێستا نەگەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان، ئەمەش لەلایەن مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان و عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی فەرماندەیی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا پشتڕاست کراوەتەوە.

لە 28ـی شوباتی ساڵی 2026، دوای ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران شکستیان هێنا، هێرشی ئیسرائیل ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، دوای نزیکەی دوو مانگ لە ململانێ و بۆردومانی سەربازی، لە رۆژی 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، هەردوو لا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی 14 رۆژ.