رۆیتەرز: واشنتن گوشارە داراییەکان بۆ سەر بەغدا زیاد دەکات

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، ئەو بڕە پارە کاشەی دۆلار کە بڕیار بوو لە مانگی نیساندا لە ئەمریکاوە بگاتە عێراق، نەگەیشتووە. ئەم پەککەوتنە لە کاتێکدایە کە واشنتن پێشتر هۆشداریی توندی دابووە بەغدا لەبارەی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ توندکردنی سزاکان و بەکارهێنانی دۆلار وەک کارتێکی گوشار.

چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەو بڕە پارە کاشەی دۆلار کە حکوومەتی عێراق چاوەڕوانی دەکرد لەم مانگەدا (نیسان) لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە رەوانە بکرێت، تا ئێستا نەگەیشتووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، نەک هەر بڕە پارەی ئەم مانگە، بەڵکو چارەنووسی ئەو بڕە پارە کاشەیش کە بڕیارە مانگی داهاتوو رەوانە بکرێت، نادیارە و هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە نەدراوە.

ئەم پەرەسەندنە داراییە تەنیا رەهەندێکی ئابووری نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "هۆشدارییەکانی ئەمریکا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان زۆر روون و ئاشکرا بوون."

هاوکات دوێنێ سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری دوو بەرپرسی عێراقی پشتڕاستی کردووەتەوە واشنتن تەواوی پاڵپشتییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵپەساردووە؛ هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری عێراقیش رایگەیاند، هاوکاری و دابینکردنی بودجە لەلایەن ئەمریکاوە تا کاتێکی نادیار راگیراوە.

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) لە راگەیەندراوێکدا، ئەو راپۆرتانەی رەت کردەوە باس لەوە دەکەن ئەمریکا ناردنی دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا راگرتبێت. ئەم کاردانەوەیەی بانکی ناوەندی دوای ئەوە هات کە کەناڵی "ئەلحەدەس" بڵاوی کردەوە، واشنتن بەهۆی هەبوونی میلیشیاکان لە ناو دەسەڵاتدا، تەواوی گواستنەوەی دراو و هەماهەنگییە ئەمنییە فەرمییەکانی لەگەڵ عێراق سڕ کردووە.