نەتەوە یەکگرتووەکان: گەرمای بەتین سیستەمی خۆراکی جیهانی بەرەو لێواری داڕمان بردووە

راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە شەپۆلەکانی گەرمای توند هەڕەشەیەکی کوشندە بۆ سەر سیستەمی خۆراکی جیهان دروست دەکەن، بە جۆرێک ژیانی زیاتر لە ملیارێک مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە. راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی پەککەوتنی کاری جووتیاران، مرداربوونەوەی ئاژەڵ و کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، لە راپۆرتێکی هاوبەشی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) و رێکخراوی جیهانیی کەشناسی (WMO) هاتووە، شەپۆلەکانی گەرما لە وشکانی و دەریاکاندا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. شارەزایان دەڵێن لە ناوچە گەرمەکانی وەک هیندستان، باشووری ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، رەنگە جووتیاران لە کۆی ساڵێکدا 250 رۆژ نەتوانن بە سەلامەتی لە دەرەوە کار بکەن.

راپۆرتەکە وردەکارییەکی مەترسیدار لەسەر کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەخاتە روو, بەشێوەیەک پلەی گەرمی سەروو 25 پلەی سیلیزی دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی گەرمی (Heat Stress) بۆ ئاژەڵ. مانگای شیردەر بەرهەمەکەی کەم دەکات و کوالێتی شیرەکەی دادەبەزێت. بەرازی کێوی و مریشکیش، بەهۆی ئەوەی ئارەق ناکەن، رووبەڕووی پەککەوتنی کۆئەندامی هەرس و سستبوونی دڵ دەبنەوە.

هەروەها زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پلەی گەرمی سەروو 30 پلەدا زیانیان بەردەکەوێت. تا ئێستا بەرهەمی گەنمەشامی بە رێژەی 10% و گەنمیش بە رێژەیەکی هاوشێوە کەمی کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە شەپۆلەکانی گەرمای دەریایی ئۆکسجینی ناو ئاو کەم دەکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان.

ریچارد وەیت، بەڕێوەبەری دەستپێشخەرییە کشتوکاڵییەکان لە پەیمانگای سەرچاوە جیهانییەکان، جەخت دەکاتەوە دەبێت جووتیاران ئامێری مۆدێرن و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیان بۆ دابین بکرێت. مۆرگان ئۆدی، رێکخەری گشتیی رێکخراوی لا ڤیا کامپێسینا داوای قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و دانانی یاسای سەلامەتی دەکات کە کاتی کارکردنیان لە ژێر گەرمادا سنووردار بکات.

تیم لانگ، پرۆفیسۆری سیاسەتی خۆراک لە زانکۆی لەندەن، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم مەترسییە تەنیا بۆ وڵاتە گەرمەکان نییە، بەڵکوو وڵاتە گەشەسەندووەکانی وەک بەریتانیاش دەگرێتەوە. گوتیشی: "ئەو شوێنانەی خۆراکیان لێوە هاوردە دەکەین وشک دەبن، بەرهەمهێنان تێکدەچێت و شێوازی خواردنمان ناچار دەبێت بگۆڕێت. هەر کەسێک پێی وابێت گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت، دەبێت دووبارە بیر بکاتەوە."

راپۆرتەکە داوا دەکات بە پەلە وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکاندا بکرێت و سیستەمی کشتوکاڵی لە "تاک-بەرهەمی پیشەسازییەوە" بگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی هەمەچەشن کە زیاتر لەگەڵ ژینگەدا بگونجێت.