بۆ پێنجەم جار ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی بە بەردەوامیی جەنگی دژی ئێران دایەوە
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا شکستی هێنا لە تێپەڕاندنی پڕۆژەبڕیارێک کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پێشکەش کرابوو بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران.
ئەمە پێنجەمین هەوڵی دیموکراتەکان بوو لە نێو ئەنجوومەنەکەدا بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەبڕیارێکی لەو شێوەیە. ئەنجامی دەنگدانەکە بە 51 دەنگی دژ و 46 دەنگی پاڵپشت کۆتایی هات. پڕۆژەکە داوای دەکرد ئەمریکا هێزەکانی لە هەر ململانێیەکی چەکداری بکشێنێتەوە، مەگەر ئەوەی رەزامەندیی فەرمی لە کۆنگرێسەوە وەربگیرێت.
چاک شومەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، رایگەیاند: "هەرچەندە ترەمپ کاتێکی زیاتر بکوژێت بۆ دەرهێنانی ئەمریکا لەم جەنگە، تەنگژەکە قووڵتر دەبێتەوە و دەرچوون لێی ئەستەمتر دەبێت."
لە بەرامبەردا، کۆمارییەکان دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەکە نیشان دا. جۆن سون، یەکێک لە رێبەرانی کۆمارییەکان، ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی ئەندامانی حزبەکەی پێیان وایە سەرۆک لەسەر هەقە لەوەی رێگری بکات لەوەی ئێران بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشە لە جیهان بکات.
ئەم دەنگدانە دوای ئەوە هات ترەمپ رایگەیاند ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژ دەکرێتەوە تا ئەو کاتەی تاران پێشنیازێکی نوێ دەخاتە روو. ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای پاکستان بڕیاری داوە هێرشەکان دوا بخات تا نوێنەرانی ئێران بگەنە پێشنیازێکی یەکگرتوو، بەڵام جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودا دەمێننەوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ترەمپ رایگەیاند؛ هیچ فشارێکی کاتی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتن یان دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ گفتوگۆکان نییە. هەروەها ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە مۆڵەتێکی 3 بۆ 5 رۆژە دەکرد بۆ ئاگربەست و بە زانیاری هەڵە ناوی بردن.
سەبارەت بەو کەشتییانەی دوێنێ چوارشەممە لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە تەقەیان لێ کرا، ترەمپ رایگەیاند: "ئەوانە کەشتیی ئەمریکی نەبوون"، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
لە کۆتاییدا، ترەمپ جەختی کردەوە، پەلەی نییە لە کۆتاییهێنان بەو دۆخە و گوتی: "خەڵک دەڵێن من دەمەوێت بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە کۆتایی پێ بهێنم، بەڵام ئەمە راست نییە، ئێمە تەنیا رێککەوتنێکی باشمان بۆ گەلی ئەمریکا دەوێت." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئابڵۆقەی ئابووری زۆر زیاتر لە بۆردومانکردن" ئێران دەترسێنێت.