هاندەران دەتوانن بلیتی مۆندیال کەمتر لە دۆلارێک بەدەست بهێنن

مۆندیالی 2026
مۆندیالی 2026

ئێرلنگ هالاند و ڤینیسیۆس جونیۆر بەشداری کەمپەینێک دەکەن کە دەکرێت ڕێگە بە هاندەران بدات، پلیتی مۆندیال بە نرخێکی کەمتر لە یەک دۆلار بەدەستبهێنن، تەنانەت شەوی پێش یاری کۆتایی لە یاریگای مەت لایف بمێننەوە. 

پێش بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە گەورەیەی تۆپی پێ، ماریۆت بۆنڤۆی و ڤیزا کەمپەینێکیان راگەیاندووە. ئەوان ئەم هەلە دەدەنە هاندەران کە پلیتی تەواوی 104یارییەکەی مۆندیال بەدەستبهێنن، هەندێک لەم پلیتانە بە نرخێکی زۆر هەرزان و  بەهاکەی کەمتر بێت لە یەک دۆلار.

هاندەران دەتوانن چانسی بردنەوەی مانەوەی شەوێکیان هەبێت لە یاریگای مەت لایف لە شەوی پێش یاری کۆتایی مۆندیال، ئەوەش لە ڕێگەی نیشتەجێبوون لە سویتێکی تایبەتدا کە دەتوانن لێیەوە ڕاستەوخۆ سەیری ناو یاریگاکە بکەن.

ئێرلینگ هالاند ئەستێرەی هەڵبژاردەی نەرویج و یانەی مانچێستەر سیتی، پێشەنگی ئەم کەمپەینە نوێیەی مۆندیالە کە لەژێر ناونیشانی «بۆ هاندەران، لە هەموو شوێنێک» بەڕێوەدەچێت. هەروەها ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی ریاڵ مەدرید، ئەویش پێش دەستپێکردنی مۆندیال ڕیکلام بۆ ئەم کەمپەینە دەکات.

هالاند لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی مەیل لەم بارەیەوە گووتی '' مۆندیال گەورەترین کێبڕکێی ناو جیهانی تۆپی پێیە، هەمووان سەیری دەکەن. بۆیە کاتێک کەمپەینێک بە تەواوی دەربارەی هاندەران بێت، بۆ من گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ هاندەران هەمانە، زۆر بایەخدارە لای من. کەواتە بوون بە بەشێک لە شتێک کە ڕێگەیان پێ بدات لە یارییەکان نزیکتر بنەوە، پلیت ببەنەوە و ئەزموونی وەک مانەوە لە سویتدا تاقی بکەنەوە، زۆر بەنرخە ''.