مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا جەخت لە پشتیوانی حکوومەتی فیدراڵ دەکەنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە؛ تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی سەقامگیری و گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و رووبەڕبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.

لەمبارەیەوە باڵیۆزی بەریتانیا سەردانی مانگی رابردووی سەرۆکی حکوەمەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.