ماکرۆن دژی سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر ئێراندا

سەرۆککۆماری فەرەنسا، داوای کرد کە میتۆدی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بگۆڕدرێت و جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت دانوستانەکان لەگەڵ تاران بە شێوازێکی سیستەماتیک و رێکخراو بەڕێوە بچن، نەک لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆوە.

پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد،کە پێویستە پرۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوازێکی رێکخراو و سیستەماتیک بەڕێوە بچن، نەک لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆی ئامانجدار یان هەر هەنگاوێکی دیکەی هاوشێوەوە.

فەرەنسا لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە هەردوو دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بەردەوام بن."

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت. 

هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.